لە ناڕوونی چارەنووسی هاووڵاتییانی دەسبەسەر کراوە لە کوردستان هەتا بێبەری بوون لە پارێزە

18:23 - 13 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە چارەنووسی دوو هاووڵاتیی کورد خەڵکی شاری سنە پاش دەسبەسەر کرانیان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرەتای مانگی خەزەڵوەر، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"بوورهان ئەحمەدی\" کوڕی سادق و \"کاوە بابامورادی\" کوڕی سەلیم خەڵکی گوندی \"تەختە\" سەر بە شاری سنە کە لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، چارەنووسیان هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

ئەم دوو هاوڵاتییە کوردە، پاش دەسبەسەر کرانیان بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەکانیان بۆ ئاگادار بوون لە چارەنووسی کوڕەکانیان لەو بارەیەوە بێئاکام بووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و لە ماوەی دەسبەسەر کرانیاندا لە \"دەستپڕاگەیشتن بە پارێزەر\" بێبەری بوون.

لەو پەیوەندییەدا، لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی گوندی \"تەختە بە ناوی \"محەممەدئەمین کەنعانی\" هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

محەممەدئەمین کەنعانی ٢٤ی ڕەزبەری ئەمساڵ دوای بانگهێشتی بۆ ستاد خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنه دەسبەسەر کرا و بۆ گرتنگەی ئەو ئیدارەیە ڕاگوێزراوە.