لە ناوچەی ورمێ بنکەی بەسیج ناوی کۆڵان و شەقامەکان دیاری دەکات

16:15 - 1 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی سوپای پاسدارانی بنکەی بەسیجی گوندی باڵانیشی سەربە ناوچەی باراندێزی ورمێ، بە بیانووی ناونانی کۆڵان و شەقامەکانی ئەو گوندە خەڵکیان لە بنکەی بەسیجی گوندەکە کۆکردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو رێکەوتی ٢٩ی جۆزەردان بنکەی بەسیجی گوندی باڵانیش لە ناوچەی باراندێزی ورمێ، خەڵکی گوندەکەی بە مەبەستی گۆڕینی ناوی کۆڵانەکان و بەڕێوەبردنی گەڵاڵەی فەرهەنگی ـ وەرزشی و خولی پەروەردەیی لە بەسیجدا، داوای هاوکاری لە خەڵکی گوندەکە کردووە.

یەکێک لە هاووڵاتییانی ئەو گوندە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەرپرسی بنکەی بەسیج بەناوی عەلی ساجدی بۆ ئەو چەند پرۆژەیە داوای لە هاووڵاتییان کرد کەلە بنکەی بەسیج کۆببنەوە، کە یەک رۆژ پاش کۆبوونەوە، شۆرای گوندەکە بە فەرمانی بنکەی بەسیج ناوی کۆڵان و شەقامەکانی ئەو گوندەیان بۆ ناوی \"ئیمامانی شیعە\" و \"کوژراوانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران و عێراق\" گۆڕی.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، ئەو بریارەی شۆرا و بنکەی بەسیجی گوندی باڵانیش لە کاتێکدایە، کە ٨٠ لەسەدی دانیشتوانی گوندەکە هاووڵاتییانی کوردی سوننی مەزهەب پێکی دێنن و ئەمەش ناڕەزایەتی و تووڕەیی خەڵکەکەی لێکەوتۆتەوە.

گوندی باڵانیش لە ناوچەی باراندێزی ورمێ هەڵکەوتووەو بەپێی سەرژمیریی ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی ٢١٨٩ کەس لە ٥٠٦ بنەماڵەدا دانیشتووی ئەو گوندەن.

دیاریکردنی ناو بۆ کۆڵان و شەقامەکانی ئەو گوندە لە کاتێکدایە، کە ناونانی کۆڵان و شەقام و شوێنەکان، یەکێک لە ئەرکەکانی شارەوانیی شارەکانە، بەڵام لە ناوچە کوردنشینەکان، ناوەندە نیزامی و ئەمنییەکان دەستێوەردان لە کاروباری شارەوانی‌دا دەکەن.
\"20679.jpg\"

\"20681.jpg\"