لە ناوچەی هەورامان قوتابخانەیەک بەهۆی نەبوونی سووتەمەنی داخرا

15:51 - 29 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی یەکێک لە قوتابخانەکانی ناوچەی هەورامان نزیک بە حەفتەیەکە بەرەوڕووی داخران بۆتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، قوتابخانەی سەرەتایی \"سەیدی هەورامی\" لە ناوچەی هەورامانی تەخت سەربە شاری سەوڵاوا، بە هۆی نەبوونی سووتەمەنی بۆ گەرم کردنەوەی پۆلەکان، لە رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٣ی بەفرانبارەوە داخراوە.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: داخرانی ئەو قوتابخانەیە لە کاتێک دایە کە پێشتر هەر قوتابییەک بڕی ١٠٠ هەزار تمەنی بابەتی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی زستان بەو قوتابخانەیە دابوو.

لەلایەکی دیکەوە لەبەر نالەبار بوونی دوخی قوتابخانەی گوندەکانی \"قەڵایەن و ملە پاڵنگانە\" سەربە شاری روانسەر لە ناو مزگەوتی ئەو گوندانەدا وانەیان پێ دەوترێتەوە و کوورەی نەوتیی مزگەوتی قڵایەن بە درێژی ٤ میتر بە لوولە نەوتی بۆ راکێشراوە بەردەوام ئەگەری ئاگرکەوتنەوە هەڕەشە لە گیانی قوتابیان دەکات.

پرۆسەی وەرگرتنی پارە لە قوتابیانی بەبیانووی جۆراوجۆر لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئارادا بووە و لە زۆربەی قوتابخانەکان بۆ کڕینی کەلوپەل، خواردەمەنی و سووتەمەنی بڕێکی بەرچاو پارە لە قوتابیان وەرگیراوە و هەتا ئێستا لە چەندین شوێن بە ناچاری قوتابیان دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە و یان بە هۆی نەدانی ئەو پارەیە لە قوتابخانەکان دەرکراون.