لە ناوچەی سەقز گورگ هاووڵاتییەکی بانەیی خوارد

21:01 - 27 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: هاوولاتییەکی خەڵکی ناوچەی بانە لە نزیک گوندی مێرگە نەخشینەی سەربە ناوچەی گەورکی سەقز بەهۆی با و بۆرانەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەر کوردپا، شەوی رابردوو رێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز مەحموود شەریفی تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی ئاوایی ئەنجێنەی سەربە شاری بانە بەهۆی با و بۆرانەوە رێگەی لێ هەڵە بووە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

دەگوترێت کە ئەو هاووڵاتییە کوردە لە کاتێکدا ویستبووی سەردانی گوندی مێرگەنەخشینەی سەربە شاری سەقز بکات کە لە نزیک گوندی مێرگە نەخشینە پاش ئەوەی بەهۆی با و بۆرانەوە گیانی لەدەست دابوو، لەلایەن چەن گورگێکەوە تەرمەکەی خوراوە.

بەجێماوی تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە رەوانەی پزیشکی دادوەریی شاری سەقز کراوە و هەتا ئێستا رادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە ژنێکی دووگیان کەلە جاددەی نێوان سەردەشت مەهاباد لەنێو بەفردا گیری کردبوو، پاش چەند کاتژمیر مانەوە لەنێو بەفردا، لەلایەن هاووڵاتییانی گوندی عەوڵا کوردەی سەردەشتەوە رزگار کرا.