لە مەریوان كۆڕیادی "مامۆستا مەلا ئەبووبەكر موسەنف چۆڕی" بەڕێوە دەچێت

16:39 - 23 خاکەلێوه 2712
كوردپا: ئەنجومەنی فەرهەنگی- ئەدەبیی مەریوان بە هاوكاریی ئەنجومەنی ئاسەوار و ناودارانی فەرهەنگیی ئێران و شۆرای فەرهەنگی گشتیی شاری مەریوان، كۆتایی مانگی بانەمەڕ كۆڕیادی مامۆستا\" ئەبووبەكر موسەنف چۆڕی\" بەڕێوە دەچێت.

ئیبراهیم محەممەد حوسێنی، بەڕێوەبەری ئەو كۆڕیادە لە وتووێژێك لەگەڵ هەواڵدەریی \"میهر\"، رایگەیاندووە: \"توێژەران و نووسەرانی مێژوو، فەلسەفە، كەلام و عیرفان و تەسەوف دەتوانن هەتا پازدەیەمی بانەمەڕی ئەمساڵ بابەتەكانی خۆیان لە بوارەكانی كەسایەتی، شێعرە كوردی و فارسییەكانی، بەرهەمەكانی دیكەی مەلا ئەبووبەكر موسەنف چۆڕی رەوانەی دەبیرخانەی كۆڕیادی ئەو كەسایەتیە كوردە بكەن.

كۆڕیادی مامۆستا ئەبووبەكر موسەنف چۆڕی لە رێكەوتی 28 و 29ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە ساڵۆنی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی فەرهەنگیی شاری مەریوان بە بەشداریی نووسەران و توێژەرانی پارێزگاكانی رۆژئاوای ئێران بە مەبەستی رێزلێنان لە كەسایەتی و پێگەی ئەو زانا گەروەریەی كورد بەڕێوە دەچێت.

مامۆستا مەلا ئەبووبەكر موسەنف چۆڕی، ئەدیب، شاعیر، نووسەر و زانای ناوداری كورد ساڵی 1503ی زایینی (909ی كۆچی\" لە گوندی \"پیرخزران\"ی ناوچەی كۆماسیی شاری مەریوان لەدایك بووە و هەتا ئێستا سێ‌كتێب لە بەرهەمەكانی چاپ كراون و ئەوانی دیكەشی دەسنووسن.