لە ماوەی یەك حەفتەدا دارستان و ژینگەی گوندێكی مەریوان 5 جار سئاگری تێبەر دراوە

12:56 - 25 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: دیاردەی ئاگركەوتنەوە و سووتانی ژینگە و دارستانی گوندێكی ناوچەی سنووریی مەریوان لە یەك حەفتەدا گەیشتە 5 حاڵەت.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە رۆژانی رابردوودا جارێكی‌تر دارستان و لێڕەواری گوندی \"دۆڵەبی\"ی سەر بە شاری مەریوان هەڵكەوتوو لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان، ئاگری تێبەردراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو رووداوە بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە، لە ماوەی یەك حەفتەی رابردوودا ئەمە پێنجەمین حاڵەتی ئاگركەوتنەوەیە كە لە سروشتی گوندی دۆڵەبی روو دەدات.

سەرچاوە ناوچەییەكانی نزیك لەو رووداوە لەو باوەڕە دان لەلایەن هێزە نیزامییەكانی جێگیر لە پاسگای \"دۆڵەبی\"ییەوە ئاگر لەو ژینگە و سروشتە بەر دەدرێت و هیچ لایەنێكی پێوەندیداریش لێپرسینەوە و بەدواداچوون بۆ ئەو مەسەلەیە ناكات.

بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا رێژەی ئاگركەوتنەوە و سووتانی دارستان و ژینگەی گوندەكانی دەورووبەی دوو شاری مەریوان و سەوڵاوا گەیشتۆتە 170 حاڵەت.

زۆربەی ئەو حاڵەتەت ئاگرکەوتنەوانە لەلایەن ئەندامان و چالاکانی ژینگەپاریزی ئەنجومەنی سەوزی چیاوە کوژاونەتەوە.