لە ماوەی یەک حەوتوودا هەشت هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کران

16:20 - 31 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: ئیتلاعاتی شارستانی مەریوان دو لاوی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە شاری مەریوانی دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا مەئموورانی ئەمنییەتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان، دوو لاوی دانیشتووی گوندی \"نێ\" بە ناوەکانی \"زانیار مینوویی و هادی فەریقی‌\"یان دەستبەسەر کردووە.

ئەو دوو لاوە سەرەتای حەوتووی ڕابردووە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە ڕاگیراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای راگەیاند کە بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو دوو لاوە بۆ چارەنووسی منداڵەکانیان بێ ئاکام بووە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ئیدعای کردوە کە زانیار و هادی ئاڵای ئێرانیان لە نەورۆزی ساڵی ٩٥دا سووتاندووە.

گوندی نێ لە ١٠ کیلۆمیتری ڕۆژ‌هەڵاتی شاری مەریوان هەڵکەتووە و هەر ساڵ بە بەشداری هەزاران کەس ڕێوڕەسمی نەورۆز بەڕیوە دەبەن.

هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە سێ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شاری میانداو لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

ئەو سێ کەسە خەڵکی گوندی سەرچنارن و لە چارەنووسیان هیچ زانیاریەک لە بەر دەست دا نیە.

شوناسی ئەو سێ هاووڵاتییە سامان چیرەف، مۆحسێن کەربەلایی و محەممەد یوسفی ڕاگەیەندراوە کە هۆکاری تۆمەتەکانیان ڕوون نیە.

لە دڕێژەی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتیانی کورد سێ برا لە شاری بۆکان لە لایەن هێزەکانی حفازەتی ئیتلاعاتی سپا دەستبەسەر کراون.

هێزە لیباس شەخسییەکانی بە هێرش کردنە سەر ماڵی ئەو سێ هاووڵاتییە لە گەڕەکی ئیسلام ئاباد حامد، ئەفشین و سەعید حەیدەرزادە کوڕێ عەبدووڵایان دەستبەسەر کردووە و چارەنووسیان ناڕوونە.