لە ماوەی کەمتر لە یەک حەتوودا دوو هاووڵاتیی کورد لە ئێعدام ڕزگار کران

14:59 - 26 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی کورد پاش زیاتر لە ٣ساڵ زیندان بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست لە ئێعدام ڕزگار کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری بۆکان کە نزیک بە ٣ساڵ و نێوە لە زینداندایە، لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە لە پەتی سێدراە ڕزگار کرا.

شوناسی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە بە\"شلێر خۆسرەوی\" تەمەن ٣٣ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە بە تۆمەتی کوشتنی مێردەکەی لە لایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە \"قیساس\" مەحکووم کرا بوو.

شلێر خۆسرەوی سێ ساڵ و پێنج مانگ لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ دا بوو، لە دوایین چرکەکانی ژیانی لە لایەن بنەماڵەی کۆژراوەکەوە لە ئێعدام ڕزگار کرا.

هەر لەوە پەیوەندییەدا، چەند ڕۆژ پێش ئێستاش هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی \"عەبدووڵڵا پێشکار\" خەڵکی گوندی \"مەڕان\"ی سەر بە شاری دیواندەڕە، ٧ ساڵ پێش بە تاوانی کوشتنی خێزانی بە چەقۆ، لە لایەن بنەماڵەی کوژراوەکەوە، لە سێدارە ڕزگار کرا.