لە ماوەی ٣٢ ڕۆژ ٥ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی \"نێ\" دەسبەسەر کراون

12:17 - 28 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان، لاوێکی دیکەی خەڵکی گوندی \"نێ\"ـی شاری مەریوانیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگواستووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی یەکشەممە کاتژمێر ٩ی شەو، لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵ بە ناوی \"سەڵمان ئەفرا\" کوڕی ڕەحمەت خەڵکی گوندی \"نێ\"ـی مەڕیوان لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دسبەسەر کرا و لە ماوەی ٣٢ ڕۆژی ڕابردوودا، ئەمە ٥مین هاووڵاتییە خەڵکی ئەو گوندەیە کە دەسبەسەر دەکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتراست کردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش چەند جارێک هێرش بردنە سەر ماڵی ئەو لاوە کوردە لە گوندی \"نێ\" و هەڕەشەکردن لە ناوبراو نەیانتوانیووە دەسبەسەری بکەن، کاتژمێر ٩ی شەوی ڕابردوو، لە ڕێگای تەلەفوونەوە بانگهێشت کراوە و دەسبەجێ دەسبەسەر دەکرێت.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش دەسبەسەرکردنی سەڵمان ئەفرا، بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراوە و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ئەو لاوە کوردە لە بەردەستدا نییە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم لاوە کوردە، بە ناڕوونی ماوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٦ی ڕەزبەر، سێ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین، \"موحسێن فەرەهمەند\" کوڕی خوسرەو و \"حەمید پەروازە\" تەمەن ٢٨ ساڵ کوڕی محەممەد، هەروەها ڕۆژی دواتر ٢٧ی ڕەزبەر، محەممەد پروازە تەمەن ٢١ ساڵ کوڕی حەسێن، خەڵکی گوندی \"نێ\"ی شاری مەریوان، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، \"بڕیار کاوە\" تەمەن ٢٥ ساڵ کوڕی ئەمین خەڵکی گوندی \"نێ\"ی مەریوان کە ڕێکەوتی ٢٦ی ڕەزبەر، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا بوو، بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان ڕاگوێزراوە.