لە ماوەی دوو حەوتووی ڕابردوو، ١٤ هاووڵاتی لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستیان داوەتە خۆکوژی

21:20 - 30 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ١٥ ڕۆژی ڕابردوودا، چەندین هاووڵاتیی ژن و پیاو لە شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە هۆکاری جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی و هۆکارەکانی خۆکوژی ئەو هاووڵاتییانە، کە دەستیان داوەتە خۆکوژی بڵاو دەکاتەوە.

لە ماوەی حەوتووی کۆتایی مانگی خەزەڵوەر، هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی ئیلام، سەردەشت ، پیرانشار، شنۆ، ورمێ و پاوە، کامیاران و مەهاباد، دستیان دایە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، سەربازێکی کورد خەڵکی گوندی \"زیویە\"ی شاری کامیاران، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوناسی ئەو سەربازە کوردە \"بەرزان نەدیمی\" کوڕی مەحموود خەڵکی گوندی \"زیویە\" ڕاگەیاندراوە.

هەروەها، نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٩ی خەزەڵوەر، ژنێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بە ناوی \"ترووسکە ڕەسووڵیان\" کچی ئیسماعیل، بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ترووسکە ڕەسوڵیان خێزاندار بووە و بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی لە ڕێگای خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لەو پەیوەندیەیدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، مێرمنداڵێکی کورد بە ناوی \"سینا خوسێنی\" کوڕی سەلاح خەڵکی شاری سەردەشت کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری خۆکوژی ئەو مێرمنداڵە ناڕوونە.

دەوتری ئەو مێرمنداڵە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە
لە لایەکی دیکەوە، کچ و کوڕێکی لاو خەڵکی ناوچەی مێشخاسی شاری ئیلام بە هۆی بەربەست دروستکردنی یەکێک لە بنەماڵەی ئەو کچ و کوڕە بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

شوناسی ئەو کوڕ و کچە \"نیلۆفەر مێنەتی٢٠ ساڵه و ڕەزا موعەزەمی ٢٤ ساڵه\" ڕاگەیەندراوە.

ئەو دوو لاوە کوردە لە خواردنی \"حەبی برینج\" کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
لەو پەیوەندیەیدا، لاوێکی کورد خەڵکی شاری پاوە بە ناوی \"ئاران حەیدەری\" لە ڕیگای خواردنی \"حەبی برینجەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دەوترێ، ئەو لاوە کوردە، بە هۆی کێشەی بێکارییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هاووڵاتییەکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی \"یوونس بەستامی کوڕی یووسف خەڵکی شاری ئیلام لە ڕیگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە لایەکی دیکە، ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی خەزەڵوەر، کچە هاووڵاتییەکی خەڵکی شاری ورمێ لە بینایەکی چەند نهۆمیدا لە ناوچەی \"شێخ تەپەی\" ئەو شارە خۆی فڕێ دایە خواروە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێ، خۆکوژی ئەو کچە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی بووە.

هەروەها، لەو ماوەیەدا، ژنیكی تەمەن ٦٠ ساڵ خەڵکی شاری ورمێ لە باڵاخانەیەک لە شارەگی گوڵشەهر خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە لایەکی دیکەوە، پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵ بە خواردنی ئەسید لە جاددەی \"سێرۆ\" کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها، هاووڵاتییەکی دیکە خەڵکی شاری ورمێ، پاش کوشتنی ژنەکەی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لەو پەیوەندییەدا، پیاوێکی تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی شاری پیرانشار لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، بە هۆکاری نادیار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

لە لایەکی دیکەوە، دوو هاووڵاتییە خەڵکی شارەکانی کامیاران و مەهاباد، دەستیان دایە خۆکوژی که بە هەوڵی هاووڵاتییان لە مردن ڕزگار کران.

شوناسی ئەم چەند هاووڵاتییە کوردە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون نەبووەتەوە.