لە ٩ مانگدا ٢٧ هاووڵاتی بوونەتە قوربانیی ماددەی سڕکەر

21:17 - 11 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٧ هاووڵاتی لە پاریزگای کوردستان بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٢٧ هاووڵاتیی تووشبوو بە ماددەی سڕکەر، بەهۆی بەکارهێنانی ئەو ماددە ماڵوێرانکەرە لە پارێزگای کوردستان، گیانیان لەدەست داوە.

هەواڵدەریی ئیسنا\" کوردستان\" لە زاری پەیوەندییە گشتییەکانی پزیشکی یاسایی کوردستان بڵاوی کردوەتەوە، لە ماوەی ٩ مانگی ئەمساڵدا ٢٧ کەس بە هۆی بەکارهێنانی ماددەی سڕکەر لە پارێزگای کوردستان گیانیان لە دەستداوە.

کۆی گشتیی قوربانیانی تووشبوو بە ماددەی سڕکەر، ٢٣ پیاو و چوار ژن بوون.

هەر چەند ئەو بەرپرسە حکوومەتییە باسی لە تووشبوونی هاووڵاتییان بە جۆرەکانی ماددەی سڕکەر نەکردووە، بەڵام لە ئێستادا، جۆرەکانی ماددە هۆشبەرەکانی وەک \"تریاک، هێرۆئێن و شیشە\"، لە وڵاتی ئێران زۆرترین بەکارهێنەریان هەیە.

هەروەها لە هەواڵێکی دیکەشدا، بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی کوردستان سەبارەت بە ئاماری گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بە هۆی ڕووداوی کار، بە هەواڵدەریی مێهری ڕاگەیاند: لە ماوەی ئەم ٩ مانگەدا، ١٦ هاووڵاتیی کورد بوونەتەوە قوربانیی رووداوی کار و گیانیان لەدەست داوە.

غوڵامڕەزا هۆمایوون پوور، ئەوەش دەخاتە ڕوو کە؛ هەر لەو ماوەیەدا ٣٠٠ کەس بە هۆی ڕووداوی کارەوە بریندار بوون، کە لە کۆی گشتیی ئەو ڕێژەیە ٢٩٦ پیاو و ٤ ژن بوون.

ڕێژەی مردنی کرێکاران بە هۆی ڕووداوی کار لە ئێران، ڕۆژانە بە ٦ کەس خەمڵێنراوە و بە وتەی بەرپرسانی وەزارەتی کار، ڕووداوی کار زیاتر لە ٩٠ هەزار میلیارد تمەن لە ئێران تێچوو هەڵدەگرێت.