لە قوڕوە ٤٧ زیندانیی مەحکووم بە ئێعدام هەیە

15:37 - 13 خەزەڵوەر 2716
ئاژانسی کوردپا: گرتووخانەی ناوەندیی شاری قوڕوە لە پارێزگای کوردستاندا حوکمی جێبەجێ کردنی لەسێدارەدانی ١٤ کەسی لە بەر دەست دایە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئێستادا بۆ ٤٧ زیندانیی لە قوڕوە سزای ئیعدام دەر کراوە کە هەموویان لە سەر کوشتنی بەئەنقەست و ماددەی هۆشبەر ڕاگیراون.

حوکمی کۆتایی ١٤ کەس لەو زیندانییانە بۆ بەشی جێبەجێکاری سزاکان ڕاگەینراوە.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان هەیە، هاووڵاتی کوردن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لەو بارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاو کردۆتەوە و ڕایگەیاند: دوو کەس لەو هاووڵاتییانە بە ناوەکانی کورش ڕەزایی‌پوور و زەینەب شاحوسەینی هاوسەری یەکن و ماوەی ٥ ساڵه لە بەندیخانەن.

هەر ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەنووسێت کە زیاتر لە ٦٠٠ زیندانیی لە قوڕوە ڕاگیراون و کەمتر لە نیوەیان، زیندانیی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەرن.

سەرەڕای دژایەتی چالاکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران درێژە بە ئێعدامەکان دەدات.

پێشتر بەرپرسی دەزگای دادوەری ئێران وێڕای بەرگریی‌کردن لە سزای ئێعدام، گوتوبووی: حاشاکردن لە سزای ئێعدام دەبێتە هۆی \"تضعیف بازدارندگی\" دەزگای دادوەری.

لە هەموو جیهاندا بۆ قاچاخی ماددەی هۆشبەر، ٣٢ وڵات سزای لەسێدارەدانیان هەیە بەڵام بە کردەوە تەنیا لە چەند وڵات لەوانە ئێران، عەرەبستان، چین، ئەندۆنێزی، تایلەند و ... جێبەجێ دەکرێت.