لە شنۆ منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ لە ئاودا خنکا

13:48 - 5 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ لە بەخشی \"نەلۆس\"ی سەر شنۆ بەهۆی کەوتنە نێو ئاوی چۆمی گوندەکەیان تووشی خنکان هاتووە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ \"شیوا فەرخی شاهوانە\" تەمەن ٤ ساڵ، کچی خەلیل و خەڵکی گوندی \"درود\"ی سەربە بەخشی نەلۆسی شاری شنۆ، لە کاتی کایە کردندا کەوتۆتە نێو ئاوی چۆمی گوندەکەیان و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

تەرمی \"شیوا فەرخی\" پاش ٢ کاتژمێر، لەلایەن خەڵکی ئەو گوندەوە دۆزرایەوە و ئەسپەردەی خاک کرا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٨ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی کەوتنە نێو ئاو تووشی خنکان هاتوون و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بەناوەندی ئاماری کوردپا بڵاو دەکرێتەوە کە دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.