لە شارەوانیی سەقز \"گەندەڵی\"یەکی ٣٠ ملیار تمەنی ئاشکرا بوو

14:48 - 23 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بەهۆی سکاڵای ٧٠ کەس لە پەیمانکارانی شارەوانیی سەقز گەندەڵییەکی ماڵی لە شارەوانیی ئەو شارە ئاشکرا بوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوابەدوای ئاشکرابوونی گەندەڵییەکی ماڵی لە شارەوانیی سەقز سێ کەس لە بەرپرسانی ئەو شارەوانییە تووشی دەست لەکار کێشانە و دەرکران بوون.

\"18331.jpg\"
سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد؛ لە چەند رۆژی رابردوودا و بەهۆی سکاڵای پەیمانکارانی شارەوانیی سەقز لەسەر بەرپرسانی شارەوانی، گەندەڵییەکی ٣٠ ملیار تمەنی ئاشکرا بوو، کە سێ جێگری بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەو ئیدارەیە بەو هۆیەوە تووشی دەرکران و دەست لەکار کێشانەوە بوون.

ئاشکرای کرد، (ح. ب) جێگری بەشی خەدەماتی شاری، (ع. ز) جێگری بەشی ئیداری و (ب. ر) جێگری بەشی بیناسازی ئەو بەرپرسانە بوون کە تووشی ئەو ئیختلاسە هاتوون.

ئەو ئیختلاسە لە کاتێک دایە، کە مانگی رەزبەری ئەمساڵ ئەو سێ کەسە بە پێشنیاری جێگری ئوستاندار و فەرمانداری شاری سەقز، لەلایەن عەلی‌رەزا شەهبازی ئوستانداری کوردستانەوە رێزیان لێگرابوو.

هاووڵاتییان سەرەڕای ئەوەیکە ئەو دەست پێ لە کار کێشانەوەیە بە سیناریۆ دەزانن، هاوکات لەو باوەڕەشدان، ئەو ئیختلاس و بەرتیل وەرگرتنەی بەرپرسی بەشە جۆراوجۆرەکانی شارەوانیی سەقز بە ئاگاداریی بەرپرسانی سەرەوەتر هەتا ئاستی ئوستانداری کوردستان ئەنجام دراوە.