لە شاری نێسێبین پۆلیسی تورک ژنێکی کوردی کوشت

15:46 - 25 خەزەڵوەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لە شاری \"نێسیبین\"ی باکووری کوردستان، پۆلیسی تورکیە ژن و منداڵێکی کوردی دایە بەر تەقەی ڕاستەوخۆ و لە ئەنجامدا ئەو ژنە گیانی لە دەست‌دا و دوو منداڵەکەی بە تووندی بریندار بوون.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، دوای ئەوەیکە لە شاری نێسێبین لە باکووری کوردستان، حکوومەتی تورکیە هاتوچۆی هاووڵاتییانی قەدەغە کرد، خەڵکی نێسێبین دژکردەوەیان دژی ئەو بڕیارە نیشان دا و ڕژانە سەر شەقامەکان. لەو پێوەندییەدا پۆلیس و هێزی تایبەتی حکوومەتی تورک، تەقەی ڕاستەوخۆیان لە خەڵک کرد و لە ئەنجامدا ژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵ بە ناوی \"سەلامەت یەشلمەن\" گیانی لە دەست دا و کچەکەی بە ناوی \"س. یەشلمەن\" تەمەن ١٤ ساڵ و کوڕەکەی بە ناوی \"ف، یەشلمەن تەمەن ١٠ ساڵ بریندار کران.

بڕیاری دۆخی نائاسایی لە نێسێبین ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لەو شارە ڕاگەیەندرا و ڕۆژی ٢٣ی ئەو مانگە پۆلیسی تورکیە تەقەیان لە خەڵک کرد و لە ئەنجامەدا فەیسەل جاکار تەمەن ٥٠ ساڵ و منداڵە تەمەن ٧ ساڵەکەی بریندار بوون.

لە بواری ڕاگەیاندنی ڕەوشی نائاسایی و هێرشی پۆلیس بۆ سەر خەڵکی سڤیل و کوشتن وبریندارکردنی خەڵک، ڕێکخراوی نێوبژیوانی مافی مرۆڤ، ناڕەزایەتیان لەو دۆخە دەربڕی و ڕاگەیەندراوێکی جیاوازیان بڵاوکردەوە و ئەو بڕیار و هێرشە لە دژی خەڵکی سڤیلیان وەک ڕاوەستاندنی ژیانیان ناودێر کرد.