لە شاری مەریوان خۆپیشاندان دژی تانکەرەکانی سووتەمەنی بەڕێوە چوو

14:42 - 13 رەزبەر 2716
ئاژانسی کوردپا:دانیشتوانی شاری مەریوان لە هەمبەر کەمتەرخەمی بەرپرسانی حکوومەتی سەبارەت بە مەترسی تانکەرەکانی سووتەمەنی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، خەڵکی شاری مەریوان دژی تانکەرەکانی هەڵگری سووتەمەنی کە لە ڕێگاوبانەکانی ئەو شارەدا هاتووچۆ دەکەن و ژیانی هاووڵاتیانیان خستووەتە مەترسیەوە، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

هاووڵاتییانی شاری مەریوان سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی حکوومەتی نیسبەت بە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی کە بە هۆی تانکەرەکانی سووتەمەنیەوە ڕوو دەدات ئەو خۆپیشاندانەیان بەڕێوە برد.

هەروەها کەمپەینێک لەژێر ناوی \"نا بۆ تانکەری مەرگ\" لە لایەن چالاکانی کورد پێکهاتووە کە داواکارن کێشەی هاتووچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنی کە ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە، چارەسەر بکرێت.

تانکەرەکانی هەڵگری سووتەمەنی لە شارەکانی کوردستان تا ئێستا چەندین کارەساتی دڵتەزێنیان خولقاندووە.

بەرپرسانی حکوومەتی ئێران و وەزارەتی ڕێگاوبان هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە هەڵناگرن.

ئەو خۆپیشاندانەی خەڵکی شاری مەریوان لەمەڕ ئەوە بەڕێوە دەچێت کە کاتژمێر ١٠ی شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەر لە جاددەی \"نگڵ\" لە نێوان سنە – مەریوان تانکەرێکی هەڵگری سوتەمەنی وەرگەڕا و بەو هۆیەوە ٦ ماشینی دیکەی تووشی ڕوداو کرد.

لەم ڕووداوەدا دەستبەجێ هاووڵاتییەکی مەریوانی بەناوی \"عەمار عەمیدی\" گیانی لەدەستدا.

بریندارەکانی دیکەش کە بەشێکیان برینەکانیان قورس و ناجێگیر بووە بۆ نەخۆشخانەکانی ئیسفەهان و چەند شاری دیکە گوازرانەوە بەڵام سەرەڕای ئەمەش ٣ کەسی دیکەش گیانیان لە دەستدا کە شوناسیان بریتییە لە: \"میلاد ئازەری خەڵکی مەریوان، ئیسماعیل بازگیر خەڵکی گوندی حەسەن قڕەی مەریوان و شەروین سەوزە خەڵکی نۆدشە\".

ڕێگاوبانی ناستاندارد، کەمتەرخەمیی شۆفیرەکان و خراپیی و کۆنیی ماشینەکان، لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی ڕووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێران و کوردستان بە ئەژمار دێن و ڕۆژ بە ڕۆژ ئاماری قوربانیانی ئەو جۆرە ڕووداوانە ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

\"لە
لە شاری مەریوان خۆپیشاندان دژی تانکەرەکانی سووتەمەنی بەڕێوە چوو

\"لە
لە شاری مەریوان خۆپیشاندان دژی تانکەرەکانی سووتەمەنی بەڕێوە چوو