لە شاری مێرسین پاركێك بەناوی "یەڵماز گونای"یەوە ناودێر كرا

21:03 - 20 بانەمەڕ 2712
كوردپا: دوای ئەوەی ساڵی پێشوو دوو پارك بۆ ئەحمەد كایا و هرانت دینگ كرانەوە، پاركی یەڵماز گونای وەك سێیەمین پارك بۆ كەسایەتییە هونەرییەكان و سیاسییەكانی توركیە لە ناوچەی تاكدنیزی شاری مێرسین كرایەوە.

هەواڵدەریی كوردپرێس بڵاوی كردەوە، لە رۆژانی رابردوودا پاركی یەڵماز گونای هونەرمەندی سینماكاری كورد بە ئامادە بوونی \"محەممەد فازل تورك\" سەرۆكی شارەوانی مێرسین، \"فاتوش گونای \" هاوسەری یەڵماز، \"ئالتانتای\" پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دێمۆكراسی لە ئامەد، \"عادڵ كورد\" نوێنەری هەكاری و چەند كەسی دیكە لە هونەرمەندان و نوێنەرانی رێكخراوە نافەرمییەكان كرایەوە.

فازل تورك لە سەرەتای ئەم ڕێوڕەسمە وێڕای بە ئەرك لە قەڵەم دانی چالاكی لەپێناو ناودێر كردنی پاركی یەڵماز گونای و پاراستنی ناو و یادی هونەرمەندان و بلیمەتەكانی نیشتمانی، رایگەیاند: دەبێ تەواو هەوڵی خۆمان بخەینە گەڕ تا میراتی كەسایەتییە مێژووییەكانمان بپارێزین.

\"4483.jpg\"
دواتر ئالتانتان لەگەڵ وەبیر هێنانەوەی‌ بەرهەمە سینەماییەكانی یەڵماز گونای و هەوڵ بۆ وێنا كردنەوەی كۆمەڵگا، ئاشكرای كرد: ئێمە سەردەمێك چەرمەسەرییەكی زۆرمان بەسەردا هات، بە رادەیەك كە دەمانەویست خۆمان لە فیلمەكانی گۆنایدا بدۆزینەوە.
لە درێژەدا فاتوش گۆنای وەك هاوسەری دەرهێنەری فیلمی ڕێگا لە لێدوانێكی كورتدا وتی: ئەگەرچی 27 ساڵ بەسەر مەرگی \"یەڵماز گۆنای\"دا تێدەپەرێت، بەڵام زەخت خستنە سەر فیلمەكانی یەڵماز لەم وڵاتە هەر بەردەوامە.

وتیشی: من دڵنیام كوردەكان بۆ شوناس و زمانیان، دەبێ مەمنوونی یەڵماز بن، ئەو كورد بوو وەك كایا و یاریدەدەری چەوساوان بوون وەك هرانتدینگ، ئەوان بەبێ گرنگی دان بە شوناسی چەوساوان، هاوڕێیان بوون.