لە شاری سنە، ٣ کەس بەهۆی خواردنەوەی مەشروب گیانیان لەدەست دا

16:23 - 6 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: ٣ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی شەممە رێکەوتی ٥ی رەشەممە، ١٧ هاووڵاتیی خەڵکی سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووبی ناستاندارد باری تەندروستییان تێکچووە و بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی \"تەوحید\" کراون.

بە وتەی کەسێکی ئاگادار لەو رووداوە، ٣ کەسیان پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست داوە وچەند کەسێکیشیان بەهۆی ژەهراوی بوونی لەشیانەوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دان.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەو ٣ کەسە رانەگەیەندراوە.

ماوەیەک پێش ئێستا \"ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم\" بەرپرسی گشتی هێزە ئینتزامییەکان رایگەیاندبوو کە ٢٠٠ هەزار کەسی گیرۆدە بە مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتی ئێراندا بوونی هەیە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، رێژەی مردن بەهۆی خواردنەوەی مەشروب لە وڵاتی ئێران ٢ بەرابەر رووی لە زیادبوون کردووە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستا ٦ هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب مەسمووم بوون و کەسێکیان بەناوی \"ئومید محەمەدی \" کوڕی عەباس گیانی لەدەست دابوو.

هاووڵاتیانی خەڵکی سنە لەسەر ئەو باوەڕەن کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو شارە لە شوێنێکی تایبەت پاش دەستکاری و ژەهراوی کردن، بە لاوانی ئەو شارەی دەفرۆشنەوە.