لە شاری سنە کەسێک بە هۆی خواردنەوەی مەشرووب گیانی لەدەست دا

15:51 - 11 رێبەندان 2712
ئاژانسی کوردپا: چەند کەس لە هاووڵاتییانی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووباتی ئەلکولی بوونە قوربانی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند رۆژ پێش ئێستا ٦ هاووڵاتیی شاری سنە بەهۆی خواردنەوەی مەشرووب مەسمووم بوون و کەسێکیان بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو چەند کەسە پاش خواردنەوەی مەشرووباتی ئەلکولیی ناستاندارد تووشی ئازار بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی \"بێعسەت\"ی شاری سنە کراون و دواتر کەسێکیان بەناوی \"ئومید محەمەدی \" کوڕی عەباس گیانی لە دەست داوە و ئەو ٥ کەسەی دیکەش تووشی کوێری بوون.

هاتنە ئارای ئەو رووداوە لە کاتێک دایە کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ بەم لاوە فرۆش و خواردنەوەی مەشرووباتی ئەلکولی قەدەغە راگەیەندووە و هاوکات مەشرووباتی ناستاندارد لە زۆربەی شوێنەکان بە ئاسانی و بە نرخێکی هەرزان دەست دەکەوێت و ساڵانە بە دەیان کەس لە وڵاتی ئێران بەهۆی بەکارهێنانی ئەو جۆرە مەشرووباتە دەبنە قوربانی.

سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە شاری سنەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە هاوکاریی کۆمەڵێک لە دەست و پێوەندییەکانی خۆی لەو شارە لە شوێنێکی تایبەت دەستکاریی مەشرووباتی ئەلکولی دەکرێت و دەرمانداویان دەکەن و دواتر بە لاوانی ئەو شارەی دەفرۆشنەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئاماری پزیشکی قانوونی لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا کۆتایی مانگی رەزبەر ١٠٢ کەس لە وڵاتی ئێران بەهۆی خواردنەوەی مەشرووباتی ئەلکولی گیانیان لە دەست داوە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١١ کەسیان تەنیا لە پارێزگای کوردستان بووە.