لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ، ١٧١ کرێکار لە پارێزگای کرماشان بریندار و گیانیان لەدەست داوە

11:20 - 29 پووشپەڕ 2722

بەڕێوەبەری پزیشکی یاسایی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند: "بەهۆی ڕووداوی کار لە پارێزگای کرماشان، ١٧١ کرێکار لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ بریندار و گیانیان لەدەست داوە".

سەلیم خانی لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" ڕایگەیاند: "لەو ڕێژەیە ١٠ کرێکار گیانیان لەدەست داوە و ١٦١ کەسیش بریندار بوون".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە هەروەها ڕایگەیاند: "لەو ١٠ کرێکارە گیانلەدەستداوە، ٩ کەسیان پیاو بوون و کەسێکیشان ژن بووە".

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی پزیشکی یاسایی کرماشان، لەو ١٦١ کرێکارە برینداربووەی ڕووداوی کار لەو پارێزگایە، ١٥٩ کەسیان پیاو بوون و دوو کەسیان ژن بوون.

سەلیم خانی گیانلەدەستداوانی ڕووداوی کاری بۆ بەرکەوتنی شتی قورس (٥ کرێکار)، بەربوونەوە لە بەرزایی لە کاتی کارکردن (٤ کرێکار) و هەروەها بەرقگرتوویی لە کاتی کارکردن، گەڕاندەوە.