لە سنە هەڕەشە لە بەرێوەبەرانی گۆڤاری خوێندكاریی "ژیوار" كرا

15:03 - 20 رێبەندان 2711
كوردپا: بە بۆنەی نووسینی بابەتێك لەبارەی ناسیۆنالیزمی كورد لە گۆڤاری خوێندكاریی \"ژیوار\"، لەلایەن بەسیجی خوێندكاری و حەراسەتی زانستگای کوردستانەوە هەڕەشە لە بەرپرسەكانی كرا.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە سنە، ناوەندی بەسیجی زانستگای كوردستان هۆشدارییان بە بەڕێوەبەرانی گۆڤاری ژیوار داوە كە ئەگەر بەرلە چاپ و بڵاو كردنەوە بابەتەكانیان پیشان ئەو ناوەندە نەدەن، ناهێڵن بڵاو بكرێتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، پێشتر بابەتەكانی ئەو گۆڤارە لەلایەن بەشی فەرهەنگیی زانستگاوە تەئید و پەسند دەكران، بەڵام بەپێی بڕیار و سیاسەتی \"ئینقلابی فەرهەنگیی\" حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لەمەوبەدوا دەبێ‌ ئیدارەی بەسیجی زانستگاش ئەو بابەتانە تەئید بكات.

لە ژمارەی تازەی گۆڤاری خوێندكاریی \"ژیوار\" لە فایلێكدا باس لە ناسیۆنالیزمی كورد و بەتایبەت بزووتنەوەی \"سمایل ئاغای سمكۆ\" و رێبەرانی دیكەی بزووتنەوە ناسیۆنالیزمییەكانی كورد كراوە و ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی كە ناوەندەكانی بەسیج و حەراسەتی زانستگای سنە زەخت و گوشار بخەنە سەر بەڕێوەبەرانی ئەو گۆڤارە خوێندكارییە.

گۆڤاری خوێندکاریی \"ژیوار\" ساڵی ١٣٧٦ی هەتاوی لەلایەن خوێندکارانی زانستگای کوردستانەوە وەک یەکەم گۆڤاری خوێندکاریی کوردی – فارسی لە ئێران دەستی بە وەشان کردوە.

چوارچێوە و تەوەرەکانی ئەو گۆڤارە، فکری، فەرهەنگی و ئەدەبییە کەلە ژمارەی ٢١ەوە وەک گۆڤارێکی ئاکادیمی بە شێوەی فایل بڵاو بوتەوە.