لە سنە قۆتابییەک بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لەدەست دا

15:09 - 27 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: قۆتابییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە لە کاتی کار کردندا لە پرۆژەیەکی بیناسازیدا بەهۆی بەربوونەوە لە نهۆمی پێنجەم گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی جۆزەردان \"سیروان ئەحمەدی\" تەمەن ١٧ ساڵ و کوڕی عەلی بەهۆی بەربوونەوە لە نهۆمی پێنجەمی پرۆژەیەکی بیناسازی دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

کەسێکی نزیک لەو بنەماڵە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، سیروان قۆتابی پۆلی ٢ی دواناوەندی بووە کە بۆ دابین کردنی پێداوێستی خوێندن وەک کرێکاری \"ئاڵماتۆر بەندی\" لەو پرۆژەیە سەرقاڵی کار کردن بووە.

ئەم رووداوە لە حالێک دایە کە بە پێ یاسای کار لە ئێران ، کاربۆ منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ قەدەغەیەو کار کردنی منداڵانی ١٥ هەتا ١٨ ساڵ بە هەلومەرجی وەک تاقیکردنەوەی پزشکی ساڵانە، ساعاتی کاری کەمتر لە کرێکارانی گەورە ساڵ و هەروەها قەدەغە کردنی کاری سەخت و قۆرس مەرجدار کراوە.