لە سلێمانی کارەباگرتووی گیانی کرێکارێکی کورد ڕۆژهەڵاتی ئەستاند

21:35 - 15 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکاریکی کورد خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان بە هۆی تەزووی کارەبا گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەنەد ڕۆژ پیش، کرێکاڕێکی کورد خەڵکی یەکێک گوندەکانی شاری کامیاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لە کاتی کارکردن لە شاری سلێمانی هەرێمی کوردستان تووشی ڕووداوی کار بوو.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە بە ناوی \"حەبیبوڵلا ڕەزایی\" کوڕی عەبدوڵلا خەڵکی گوندی \"لۆنی سادات\" سەر بە شاری کامیاران ڕاگەیەندراوە.
ئەو کرێکارە کوردە لە کاتی بیر هەڵکەندن تووشی تەزووی‌کارەبا دەبێت بەو هۆیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی پێناسە، ڕووداوی کار بریتییە لە؛ هەر ڕووداوێکی کوتوپڕ و نەخوازراو، کە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە فەرمانبەران یان ئەوەی زیان بە کەرەستەکان، دامەزراوەکان و ژینگە بگەیەنێت.

هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەڵی کار و زیادبوونی ڕێژی بێکاری، بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ناچار بە بڕینی سنووری وڵاتیکی دیکە دەبن و زۆر جار لەو پەیوەندییەدا، دەبنە قوربانی ڕووداوی کار.