لە زاهیدان ٢ لاو لەسێدارە دران

14:46 - 10 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسانی گرتووخانەی ناوەندیی شاری زاهیدان لە ئۆستانی سیستان و بەلووچستان ٢ نەفەر لە گیراوانی بەندی گشتیی لاوانیان بە تۆمەتی دەستدرێژی، لە سێدارە دا.

بەپێی هەواڵەکان، دوو لاوی تەمەن ٢٣ و ٢٥ ساڵان بە ناوەکانی موحەممەد ڕەزا دێهقان و جەواد خەمیر، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، نۆی سەرماوەرز لە گرتووخانەی شاری زاهیدان ئیعدام کران.

ئەو دوو گەنجە که نازاندرێ به‌لووچن یان نه، ماوەی ٣ ساڵی ڕابڕدوو لە بەندی ٧ی ئەو زیندانە ڕاگیرابوون و تۆمەتی دەستدرێژی( تجاوز به عنف) بەسەریاندا سەپێندرا بوو.

ئیعدامی ئەو دوو لاوە لە کاتێکدایە کە بە پێی هه‌واڵی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێمۆکراسی لە ئێراندا؛ عەلی خامنەیی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دووهەمین نامەی خۆی ڕووبە لاوانی ئەرووپا و ئامریکا بڵاوکردەوە.

ڕێبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەم نامەیەدا، لاوانی ڕۆژئاوایی ئامۆژگاری دەکات کە بەرەنگاری توندوتێژی ببنەوە.

بە بێی ئامارەکان، لە ساڵی زایینی ٢٠١٥ دا لانیکەم ٥ منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە سێدارە دراون.

ناوی ئێران لە ڕاپۆڕتی ساڵانەی ئەحمەد شەهید کە ٢ حەوتوو لەمەوپێش لە نیۆیۆرک پێشکەشی کرد وەک وڵاتێک کە زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەبێ، هاتبوو.