لە رۆژی نەورۆزدا، کرێکارێکی دیواندەریی خۆی کوشت

15:00 - 5 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی تەمەن ٦٠ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری دیواندەرە لە ئوستانی کوردستان، لە رۆژی نەورۆزدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عەبدولکەریم ئەحمەدی تەمەن ٦٠ ساڵ هەوڵی خۆکوشتنی داوە لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەو گەتەی ئەو سەرچاوەیە، عەبدولکەریم رۆژی شەممە رێکەوتی ١ی خاکەلێوە لە ماڵەوە چۆتە دەرەوەو سێ رۆژ دواتر ٤ی خاکەلێوە تەرمەکەی بە هەڵواسراوی لە نێو دارستانێکی خوارووی دیواندەرەوە دۆزراوەتەوە.

هەتا ئێستا هۆکاری خۆکوژیی ئەو کرێکارە تەمەن ٦٠ ساڵەیەی روون نەبۆتەوە، بەڵام دەگوترێ ناوبراو کەسێکی دەستکورت بووە.

عەبدولکەریم کە بەشێوەی \"فصلی (وەرزی)\" سەرقاڵی کرێکاری بووە، خێزاندار و باوکی دوو کچ و کوڕێکیش بووە.

مانگی سەرماوەزی ساڵی رابردووش هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٥ ساڵەی خەڵکی شنۆ، بەناوی قادر تەها بەهۆی دەستکورتی و هەژارییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی \"هەژاری، کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەیی، بێکاری و خەمۆکی\" بە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی خۆکوژی لە ئێراندا لەقەڵەم ئەدەن.

لە کاتێکدا هێڵی هەژاری لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ٣ ملوێن و ٥٠٠ هەزار تەمن دیاری کراوە، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی لە مەجلیسی ئیسلامی لە ناوەڕاستی مانگی خەرمانانی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو، هەنووکە ٦ ملوێن بێکار لە وڵاتی ئێراندا هەن و زۆربەیان ئەو کەسانەن، کە خوێندنی زانکۆیان تەواو کردووە.