لە دێگولان دوو هاووڵاتیی كورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كران

20:35 - 24 جۆزەردان 2712
كوردپا: دوو هاووڵاتیی خەڵكی گوندی \"قڕووچای\" سەر بە شاری دێگولان لە پارێزگای كوردستان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری قوروەوە دەستبەسەر كراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، سەباح حوسێن پەناهی و مەسعوود حوسێن پەناهی دوو هاووڵاتیی كوردی خەڵكی گوندی \"قڕووچای\" سەر بە شاری دێگولان شەوی 23 لەسەر 24ی جۆزەردان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی شاری قوروەوە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر كراون.

كەسێكی نزیكی بنەماڵەی حوسێن پەناهی وێڕای پشت راست كردنەوەی ئەم هەواڵە، بە هەواڵدەریی كوردپای راگەیاند، سەباح و مەسعوود هەر دوو بران و كوڕی سدیق \"حوسێن پەناهی\"ن و یەكیان وەرزشوانە و ئەوی دیكەشیان چالاكی سیاسییە و بە تاوانی چالاكیی سیاسی دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێكی نادیار كراون.
\"4857.jpg\"
سەباح حوسێن پەناهی
ئەو سەرچاوەیە ئاشكراشی كرد هەتا ئێستا شوێنی راگیرانی ئەو دوو هاوڵاتییە كوردە دیار نیە و لەمەڕ چارەنووسیان هەواڵێك لەبەر دەستدا نیە.

ئەنوەر حوسێن پەناهی ئامۆزای ئەو دوو گیراوە كوردە لە رێكەوتی 15ی خەزەڵوەری ساڵی 1386ەوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانەوە بە تاوانی چالاكیی سیاسی دەستبەسەر كراوە و ئێستا لە زیندانی ناوەندیی سنە سەرقاڵی تێپپەڕاندنی حوكمەكەیەتی.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ساڵی 1391ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ٣١ هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

زۆرینەی ئەو هاووڵاتییە كوردانە بە تاوانی چالاكیی سیاسی و فەرهەنگی دەستبەسەر كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و بێگومان رێژەی راستەقینەی گیراوەكان لەم ئامارە زیاترە.