لە دۆسیەیەکی نوێدا، ئیتلاعاتی ورمێ حوکمی یەکساڵ زیندانیی زیاتر بە سەر هاووڵاتییەکدا سەپاند

12:59 - 18 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی باشووری کوردستان، کە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک لە گرووپە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران، بە ٥ ساڵ زیندانی مەحکووم کرابوو، لە دۆسیەیەکی نوێی ئیتلاعاتدا، یەکساڵ زیندانیی دیکەی بەسەردا سەپا.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، \"سەردار عۆسمان بەکر\" هاووڵاتیی کورد خەڵکی باشووری کوردستان، کە ماوەی دوو ساڵە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ دایە، بە تۆمەتی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام\" لە زیندان، بە یەکساڵی دیکە زیندانی مەحکووم کرا.

ئەو زیندانییە کوردە، پاش دوو ساڵ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ و گوازتنەوەی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، لە دۆسیەیەکی نوێیدا، لەژێر ناوی \"پڕۆپاگەندە دژی نیزام\" لە زیندان، بە ساڵێکی زیادی زیندان مەحکووم کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، ساڵی ٩٥ هەتاوی، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە یەکێک حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران، بە پێنج ساڵ زیندانی مەحکووم و ڕەوانەی زیندانیی ناوەندی شاری ورمێ کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، کە لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ دابووە، لە بوونی پارێزەر بێبەری بووە.