لە دوو ڕۆژ دا، مین دوو کۆڵبەری کوردی کردە قوربانی

14:57 - 25 بانەمەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی شاری بانە، بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا و بۆ چارەسەری پزیشكی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانیی ئەو شارە کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ٢٤ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێكی کورد بە ناوی \"یادگار کەرمیان\" تەمەن ٣٠ ساڵ کوڕی سەعید خەڵكی گوندی \"بایندەرە\"ی شاری بانە بە تەقینەوەی مین بە سەختی بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە لە کاتی کۆڵبەریدا، لە سنووری بانە تووشی ئەو ڕووداوە بووە کە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندیی دەرمانی ئەو شارە کرا.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بانەمەڕ، کۆڵبەرێکی دیکە کورد بە ناوی \"ڕەحمان ڕەسووڵی ئازەر\" کوڕی خالید خەڵکی گوندی \"گوڵاوێ\" شاری پیرانشار بە هۆی تەقینەوەی مین لاقێکی لە دەست دا.

ئەو کۆڵبەرە کوردە بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە نەخۆشخانەی شاری هەولێر کراوە و لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدایە.