لە دادگای پێداچوونەوه حوکمی دوو هاووڵاتیی خەڵکی ناوچەی تەرگەوەڕ کەم کرایەوە

17:57 - 15 بەفرانبار 2720

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حوکمی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "سەفەر نووری و فەرهاد نووری" خەڵکی گوندی "ئەنبێـ"ـی ناوچەی تەرگەوەڕ، لە لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، لە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیریی کەم کرایەوە.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو دوو هاووڵاتییە لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "عەلی عەزیزی و پەرویز نووری" لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بەڕێوە چوو کە لەوێدا، پەرویز نووری لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی بێتاوان و سەفەر نووری و فەرهاد نووری و عەلی عەزیزی، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی لە ڕێگای یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" هەر کامیان بە ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیریی مەحکووم کرابوون.

پاش ڕەوانەکردنی دۆسییەی ئەو کەسانە بۆ لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ، حوکمی سەفەر نووری و فەرهاد نووری، بۆ ساڵێک زیندانیی تەعزیریی گۆڕدرا و "عەلی عەزیزیـ"ـش بێتاوان ناسرا.

ئەو چوار هاووڵاتییە کوردە، ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ٩٨، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران و سەرەتا بۆ قەرارگای زێوە و دواتر بۆ قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای ورمێ ڕاگوێزران.

ئەو چوار هاووڵاتییە پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان، ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی خەرمانانی ساڵی ٩٨، بۆ بەندی ٣ و٤ زیندانی ورمێ، ڕاگوێزرابوون.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨، پەرویز نووری و سەفەر نووری، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کران و ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەر هەمان ساڵ، عەلی عەزیزی و فەرهاد نووری هەر کامیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کران.

وێنە: سەفەر و فەرهاد نووری