لە حەوتەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباددا، چالاکانی کوردستان خوازیاری بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرانسەرین

22:04 - 22 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک چالاکی مەدەنی و سیاسیی کوردستان، لە بانگەوازێکدا بەبۆیە حەوتەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکانی مەهاباد، خوازیاری مانگرتن لە سەرانسەری کوردستان دان.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک چالاکی سیاسی و مەدەنیی کوردستان لە بانگەوازێکدا لەمەڕ پاڵپشتی لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی‌یانەی مەهاباد و شارەکانی دیکەی کوردستان، رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ، وەکوو رۆژی بەڕێوەچوونی مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان راگەیاند.

یەکێک لە رێکخەرانی ئەم مانگرتنە سەرانسەرییە لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: یەکێک لە ئامانجەکانی ئێمە راکێشانی سەرنجی گشتییە لە نێوخۆ و دەرەوەی کوردستان و ئاشتیخوازبوونی نەتەوەی کوردە.

لەو بانگەوازەدا هاتووە: ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی لە تێکڕای شارەکانی کوردستان، داوا لە نەتەوەی کورد دەکەین هەتا لە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ و لە حەوتەمین رۆژی سەرهەڵدانی خەڵکی مەهاباد، بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لەهەمبەر رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەست بە مانگرتنی گشتیی کوردستان بن و بە داخستنی بازارەکان، لەم هەوڵە ئازادیخوازانەدا سەرپشک و بەشدار بن.

دەقی ئەو بانگەوازە کە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوە، بەم شێوەیە:

\"26521.jpg\"
لە حەوتەمین رۆژی ناڕەزایەتییەکانی کوردستاندا، لە بەرانبەر دەسەڵاتی سەرکوتکەر یەکڕیز بن

هاوکات لەگەڵ حەوتەمین رۆژی سەرهەڵدانی خەڵکی شاری مەهاباد و لە کاتێکدا کە رێژیمی دژی گەلیی کۆماری ئیسلامی، تێکڕای هێزەکانی خۆی بۆ سەرکوتی نەتەوەی کورد، لەم بزاڤە رزگاریخوزانەدا وەگەڕ خستووە و کوردستانی میلیتاریزە کردووە، ئێمە کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی لە تێکڕای شارەکانی کوردستان، داوا لە هەموو نەتەوەی کورد دەکەین هەتا لە رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٤ی بانەمەڕ، پەیوەست بە ناڕەزایەتیی گشتیی خەڵکی کوردستانەوە بن و بە داخستنی بازارەکان، بەشداری ئەم هەوڵە ئازادیخوازانە بن.

بە دەربڕینی ئەم ناڕەزیەتییە مەدەنییانە، وێڕای داخوازیی ئازادیی دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی کوردستان، دەبینە لەمپەرێک هەتا هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم کە خۆیان بۆ کوشتوبڕی ئازادیخوازان رێکخستبوو، لە شەرم و شوورەیی خۆیاندا بمێننەوە.

ئێمە وەکوو کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە کوردستان، داوا لە تێکڕای رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتی و مرۆیی‌یەکانی دەکەین، هەتا لەهەمبەر کوشتار، سەرکوت و هەڵاواردنی سیستماتیکی رێژیمی ئێران لە کوردستان، بەلووچستان و عەرەبستانی ئێران بێ‌دەنگ نەبن و وێڕای مەحکووم کردنی، بەرگری لە نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکەی ئێران بکەن.

هەروەها داواکارین هەتا تێکڕای زیندانییە سیاسییەکان و رۆژنامەنووسانی بەندکراو لە زیندانەکانی رێژیم ئازاد بکرێن.

کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی کوردستان