لە جوانڕۆ ئێوارە شێعرێک بۆ بیر ئانینی هەڵەبجە بەڕێوەچوو

17:39 - 24 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری بیست وپێنجەمین ساڵڤەگەڕی شیمیابارانی کارەساتی هەڵەبجە، ئێوارە شێعرێک لە شاری \"جوانڕۆ\"ی سەربە ئوستانی کرماشان بەڕێوەچوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەوالدەریی کوردپا، رۆژی چوارشممە رێکەوتی ٢٣ی رەشممە بە بەشداری کۆمەڵیک لە فەرهەنگیان و نووسەرانی کورد بە هاوکاریی ئەنجومەنە ئەدەبییەکانی خانای قوبادی و مەولەوی کورد لە شاری جوانڕۆ، رێوڕەسمێک بەناوی \"ئێوارێی شێعری هەڵەبجە\" بەڕێوەچوو.

ئەو رێوڕەسمە، بە راگەیاندنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزدانان لە سەرجەم قوربانیانی کارەساتی ژینۆسایدی هەڵەبجە، دەستی بەکارەکانی خۆی کرد.

\"11540.jpg\"
دواتر ٢ وتار سەبارەت بە کارەساتی هەڵەبجە لەلایەن \"دوکتور محەممەد یەعقووبی\" و \"هومر مەنوچێهری\"یەوە خوێندرانەوە.

لە بڕگەکانی دێکەی ئەو رێوڕەسمە یادکردنەوەدا، کۆمەڵێک شاعیری وەک: \"سان ئەحمەد سلێمانی، حوسێن محەممەدی، بەهرام سالحی، سابیر مورادی، موختار سوهرابی، ئیدریس وەیسی، سەعدوون مورادی، سەعید ئەحمەدی، خاتوو ئەمیری، خاتوو وەیسی و خاتوو عەبدوڵڵاهی\" بە خوێندنەوەی شێعر هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکاری قوربانیان دەربڕی.

\"11539.jpg\"
گروپی هونەریی \"ماپرێس\" لە وەسفی کارەساتی هەڵەبجەدا چەند پارچە مۆسیقایان پێشکەش بە ئامادە بوانی ئەو رێوڕەسمە کرد.

لەو رێوڕەسمەدا کۆمەڵێک لە کەسوکاری قوربانیانی کارەساتی هەڵبجە بەشدار بوون کە رێز و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بەڕێوەبەران و ئامادە بوانی ئەو رێوڕەسمە کرد.

بیست و پێنجی رەشەممەی ئەمساڵ ٢٥مین ساڵڤەگەڕی شیمایاباران کردنی شاری هەڵبجە بەدەستی حکوومەتی بەعسە کە تێیدا ٥ هەزار هاووڵاتیی کورد لەو شارە بەهۆی گازی ژەهراوییەوە گیانیان لەدەست دا.