لە بەنداوی دووکان دوو لاوی مەهابادی خنکان

15:28 - 19 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: دوو لاوی خەڵکی شاری مەهاباد کە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو لە یەکێک لە بەنداوەکانی ئەو ناوچەیە خنکان.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوو لاوی خەڵکی شاری مەهاباد بە ناوەکانی \"مێهدی ئیبراهیمی\" و \"هەڵۆ ئیبراهیمی\" بە هۆی بەردانی ئاوی دوکان لە هەرێمی کوردستان گیانیان لە دەستدا.
\"28597.jpg\"
هەڵۆ ئیبراهیمی و مێهدی ئیبراهیمی
سەرچاوە هەواڵدەرییەکان بڵاویانکردەوە ئەو دوو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد ئامۆزا بوون کە ماوەی چەند مانگێکە بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان هاتوونەتە باشووری کوردستان لە سەرەتای ئەم حەفتەیەدا تووشی رووداوی خنکان بوون.

نزیکانی ئەو دوو لاوە کوردە لە شاری مەهابادوە بە ئاژانسی کوردپایان راگەیاندووە، مێهدی ئیبراهیمی خوێندکارە و بۆ دابین کردنی پارەی خوێندنەکەی وەکوو کرێکار رووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو.

لە ساڵانی رابردوودا دەیان هاووڵاتیی کورد لە کوردستانی ئێران بە هۆی دۆخی نالەباری ژیان و گوزەرانیان کۆچیان بۆ هەرێمی کوردستان کردووە لە بیناکان و شێرکەتە تایبەتییەکان وەکوو کرێکار خەریکی کرێکاری بوون.