لە بەرەبەری ٨ی مارس؛ نزیک بە ١٠٠ حاڵەتی خۆکوژیی ژنان لە کوردستان + ئامار

ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، بەپێی ڕاپۆرتە ئامارییەکان، دەپەڕژێتە سەر حاڵەتگەلی پێشێلکاریی مافی مرۆڤی ژنان لە کوردستان و خەسارە کۆمەڵایەتییەکان (خۆکوژی و کوژرانی ژنان) لە ٨ی مارسی ٢٠٢٠ـەوە هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢١.

لەم ڕاپۆرتەدا باس لە سەر حاڵەتگەلی خۆکوژیی ژنان لە کوردستان دەکەین.

ئەم ڕاپۆرتە تەنیا باس لە سەر حەڵەتگەلێکی پشتڕاستکراوە لەلایەن کوردپا و هەروەها ئەو حاڵەتانە کە لە سەرچاوە بایەخەکاندا میدیایی کراوە، دەکات. هەرچەند کە ئاماری ڕاستەقینە بەنیسبەت ئەم ئامارە زۆر لەسەرەوەترە. هەر بۆیە بەپێی ئاماری کوردپا، خۆکوژی لە پارێزگای سنە و دواتر ورمێ لە سەرەوەیە، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە سەرتاسەری ئێراندا، پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام لە سەرەوەی خشتەی خۆکوژیی پارێزگاکاندایە.

ئاماری خۆکوژی و کوژرانی ژنان لە کوردستان، لە ٨ی مارسی ٢٠٢٠ـەوە هەتا ٨ی مارسی ٢٠٢١:

ڕێژەی تەواوی خۆکوژییەکان: ٩٨ حاڵەت

خۆکوژیی سەرکەوتووانە: ٩٣ حاڵەت

ئەو خۆکوژییانە کە سەرکەوتوو نەبوونە : ٥ حاڵەت

لێکجیاکردنەوەی ئاماری خۆکوژیی ژنان:

لەم ماوەیەدا، ٩٨ ژنی کورد خۆیان کوشتووە.

٣٣ کەس لەم ژنانە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە کە کەمترینیان تەمەنی ١٢ ساڵ بووە.

٣٢ کەس لەم ژنانە خێزاندار و ٤١ کەسیان سەڵت بوونە.

٨ کەسیان قوتابی بوونە.

١٣ کەس لە شوێنە گشتییەکان خۆیان کوشتووە. (خۆفڕێدان لەسەر بینا، لەسەر پرد و ...)

جۆری خۆکوژیی ژنان کە ڕوون بووەتەوە:

خۆهەڵواسین: ٣٠ حاڵەت

خۆسووتاندن: ١٤ حاڵەت

خۆفڕێدان لە بەرزایی: ١٢ حاڵەت

 خواردنی حەب: ١٠ حاڵەت

خۆکوژی بە چەک: ١ حاڵەت

خۆفڕێدان بۆنێو ڕووبار: ١ حاڵەت

لێدانی دەمار: ١ حاڵەت

نادیار: ٢٩ حاڵەت

ئەو هۆکارانە کە خۆکوژیی ژنانی بەدواوە بووە:

کێشەی بنەماڵەیی: ٤١ حاڵەت

هەژاری: ٩ حاڵەت

هاوسەرگیریی زۆرەملێ: ٤ حاڵەت

نەبوونی مۆبایل بۆ بەشداریکردن لە خوێندن بە شێوەی ئانلاین لە سەردەمی کۆرۆنادا: ٢ حاڵەت

وەرنەگرتنی نمرەی پێویست لە کۆنکور: ٢ حاڵەت

خەمۆکی: ١ حاڵەت

پێشگرتن بە هاوسەرگیری: ١ حاڵەت

دەسدرێژی و ئازاری جینسی: ١ حاڵەت

نەخۆشی و کێشەکان: ١ حاڵەت

هەڵاواردن لە بواری مافی سەرپەرەستیی منداڵ: ١ حاڵەت

نەدانی ئیزنی شارەداری بۆ دروستکردنی نهۆمی دووهەمی خانوو: ١ حاڵەت

لێکجیاکردنەوەی حاڵەتگەلی خۆکوژیی ژنان بەپێی پارێزگاکان:

سنه: ٤٠ حاڵەت

ورمێ: ٣٠ حاڵەت

کرماشان: ٢٢ حاڵەت

ئیلام: ٦ حاڵەت

زۆرتر بخوێننەوە؛

لە حاڵێکدا کە لەم ڕاپۆرتەدا، ئاماری خۆکوژی لە پارێزگاکانی سنە و ورمێ بەنیسبەت پارێزگاکانی دیکەی کوردستان زۆرترە، بەڵام دەبێ بوترێت کە ئاماری خۆکوژی لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام هەروا لە سەرەوەی خشتەیە و ئەمە نیشان دەدات کە هەواڵەکانی خۆکوژی لە کوردستان و ئێران میدیایی ناکرێت.

هەڵبەت کە حکوومەتی ئێران، بەردەوام لە بڵاوکردنەوەی ئاماری ڕاستەقینەی خۆکوژی خۆ دەبوێرێت و ساڵانە تەنیا ئاماژە بە چوونەسەرەوە و دابەزینی لەسەدیی ئەو ئامارانە دەکات.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتی جێگری پزیشکی و تاقیگەیی ڕێکخراوی پزیشکی داد، خۆکوژی لە ساڵی ١٣٩٨ بەنیسبەت ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، ٠.٨ لەسەد بەرزبووەتەوە کە پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان و کۆهگیلوویە و بۆیرئەحمەد، زۆرترین ڕێژەی خۆکوژییان بۆ خۆیان مسۆگەر کردووە.

بەپێی ئامارەکانی پزیشکی داد و وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە ساڵی ٩٧ ڕێژەی خۆکوژیی مێرمنداڵان لە ئێران ٢٠ لەسەد بووە. هەروەها بەشی مێرمنداڵانی ئێرانی لە خۆکوژییەکانی ساڵانەدا، لەلایەن ڕێکخراوی پزیشکی داد زیاتر لە ٧ لەسەد ڕاگەیەندراوە.

باوبوونی خۆکوژی لەنێوان مێرمنداڵان ئێرانی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پرسێکی فرە جیددییە و تەنانەت جۆرەکانی خۆکوژی کە مێرمنداڵان بۆ کوشتنی خۆیان هەڵیدەبژێرن، لە خۆهەڵواسین لە شوێنەگشتییەکانەوە بگرە هەتا خۆفڕێدان لەسەر بینا و پردی پەڕینەوەی ڕیبوارەکان، بووەتە بیرپەرێشیی دیکەی کۆمەڵایەتی.

لەو پەیوەندییەدا، بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی مەدەدکاری کۆمەڵایەتیی ئێران، ئاماری ڕاستەقینەی خۆکوژی لە ئێراندا سێ بەرانبەری ئاماری فەرمی ڕاگەیەندراوە و هەروەها زۆرترین ئاماری پەیوەندیدار بە خۆکوژی لە پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان تۆمار کراوە کە زۆربەی خۆکوژییەکان بەهۆی بێکاری، کێشەی ماڵی و ئابووری، کێشەی کۆمەڵایەتی و شوناسی ڕووی داوە.

ڕێژەی خۆکوژی لە ئێران هەتاکوو دەگاتە ناوچە پەراوێزخراو و بێبەشەکانەوە، زۆر و زۆرتر دەبێت. هەژاری و نابەرانبەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی، لە گرینگترین هۆکارەکانی کیشەی بنەماڵەیی و وەبەرهێنانەوەی توندوتیژی هەژمار دەکرێت. تەنانەت توندوتیژی دژی خۆی (خۆکوژی)، ژنانی کورد لە بواری ئەم جۆرە توندوتیژییەوە، ئامارێکی باڵای بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.

 ئەو ژنانەی کە نە کۆمەڵگای سوننەتی پشتیوانییان لێ دەکات و نە یاسا و ناوەند و سازەیەک بوونی هەیە کە پیشتیوانییان لێ بکات؛ لە لایەکی دیکەوە لێکەوتەکانی گەشەنەسەندوویی و کەمتەرخەمیی کۆمەڵایەتی و ئابووریی کوردستان، ئەو ژنانەی بە بنبەست کێشاوە، ئەویش لە حاڵێکدایە کە ژنان تا ڕادەیەک ئاگاداری بایەخە مۆدێڕنەکان و تاکخوازین، ژنانێک کە بە تەنیایی توانایی گۆڕانکارییان نییە و هەستی عاجزبوون و بێ‌دەرەتانی و بێ‌هیوایی بەسەریاندا زاڵ بووە هەربۆیە رێگەچارە لە لەنێوبرانی خۆیان دەبینن. توندوتیژییەک دژی خۆی کە تەنیا ڕێگەی ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەنیسبەت تەواوی هەڵاواردنەکان و توندوتیژییەکان و بێبەشییەکان دەزانرێت.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە