لە بەرەبەری ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، حەسەن ڕۆحانی سەردانی وڵاتی ئۆتریشی کرد

21:45 - 13 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: بە سەردانی حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێران بۆ وڵاتی ئۆتریش دۆسیەی تێرۆری دوکتور قاسملوو، ڕێبەری کاریزماتیکی نەتەوەی کورد، ڕەهەندێکی نوێی بە خۆوە گرت.


NEWS CNS بە بڵاوکردنەوەی گوتارێک سەبارەت بە سەردانی حەسەن ڕۆحانی بۆ وڵاتی ئۆتریش باسی لە ڕەهەندی دۆسیەی دوکتور قاسملوو لە ڤییەن کرد و نووسیویەتی: \"حەسەن ڕۆحانی لە ٢٩هەمین ساڵڤەگەڕی تێرۆری دوکتور قاسملوو، لەگەڵ بەرپرسانی ئۆتریش کۆدەبێتەوە\".

نووسەری ئەو گوتارە دەڵێت: \"دەستوپەیوەندییەکانی حکوومتی ئێران لە ژێر ناوی دیپلۆماتیک دوکتور قاسملوو، عەبدوڵلا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵیان لە سەر مێزی وتووێژ تێرۆر کرد و دەوڵەتی ئۆتریش تاوانبارانی ئەو دۆسیەی ڕەوانەی تاران کردەوە\".

ناوبراو هەروەها دەنووسێ: \"سی ساڵ پاش تێرۆری دوکتور قاسملوو، جێگرەکەی، دوکتور شەرفکەندیش لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لە ڕێستۆرانی میکۆنوس لە شاری بێرلین تێرۆر کرا\".

لە بەشێکی دیکەی ئەو گوتارەدا، نووسەر ئاماژە بە هەوڵە تێرۆریستییەکانی حکوومەتی ئێران لە جیهان دەکات.

ڕۆژی دووشەممە ١١ی پووشپەڕ، برایان هووک، بەڕێوبەری پلاندانانی سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، لە دانیشتنێکی هەواڵدەریدا بە ئاماژەکردن بە سەفەری حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری حکوومەتی ئێران بۆ سویس و ئۆتریش ڕایگەیاند:\"بەو شێوەیە کە لە ڕاپۆرتەکاندا هاتووە، حەسەن ڕۆحانی سەردانی وڵاتی ئۆتریش و سویس دەکات و لە هەوڵی دروست کردنی هاوکاری لە نێوان وڵاتانی ئورووپایی و حکوومەتی ئێراندایه\".

دوکتور مەسعوود ڕۆستەمی، شرۆڤەکاری سیاسی و دانیشتووی وڵاتی ئاڵمان سەباەرت بە ئەم پرسەی بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزاەرتی دەرەوەی ئامریکا لە نووسراوەیەکی کورتدا، لە ژیر ناوی \"برجی ئیستا؟\"لە لاپەرەی شەخسیی فەیسبووکی خۆیدا، نووسیوویەتی:\"پاش نزیک بە ٣٠ ساڵ دەوڵەتێک بە شێوەی فەرمی، ئەویش دەوڵەتی ئامریکا، ڕایگەیاند، کە تێرۆری دوکتور قاسملوو ڕێبەری ئەو کاتی حدکا، لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بووە. ڕەنگه ئەمە بۆ ئێمە شتێکی سەرسووڕهێنەر نەبێت چونکه ئێمە ٣٠ ساڵ پێش ئێشتاش دەمانزانی دەوڵەتی ئێران دوکتور قاسملووی تێرۆر کردووە، بەڵام ئەوان تازە زانیویانە. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوان ٣٠ ساڵ پێش دەیانزانی و تەنانەت ئاگاداری وردەکارییەکانی تێرۆری دوکتور قاسملوو بوون، بەڵام بۆ چی پاش نزیک بە ٣٠ ساڵ دەوڵەتە زلهێزەکانی جیهان تاوانبارانی تێرۆری دوکتور قاسملوویان بە شێوەی فەرمی نەناساندبوو؟.کارێک کە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا، هیچ یەک لە دەوڵەتەکان دانیان پێدانەنابوو. ئاشکراکردنی تێرۆری دوکتور قاسملوو بە شێوەی فەرمی لە لایەن دەوڵەتی ئامریکا لەم برگە زەمەنییەدا، دەتوانێ هەڵگری پەیامێکی گرینگ بێت، بە تایبەتی ئەوەیکە لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات ماوەیەکی کورتە لەلایەن دەوڵەتی ئامریکاوە بە شێوەی فەرمی بانگهێشتی ئەم وڵاتە کراوە، بۆیه نابێ به ئاسانی لەم قۆناغە تێپەڕین.

٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ٦٨ی هەتاوی، دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو لەگەڵ عەبدوڵڵا قادری‌ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ لەسەر مێزی وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی پرسی کوردستانی ئێران لە ڤییەن پێتەختی ئوتریش تێرۆر کران.