لە بەرەبەری مانگرتنی مامۆستایاندا، ٨ مامۆستا لە سەقز بانگهێشتی ئیتلاعات کران

16:25 - 27 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لە بەرەبەری مانگرتنی مامۆستایان لە سەرتاسەری ئێراندا، ٨ مامۆستای کورد لە قوتابخانەکانی شاری سەقز، بانگهێشتی ستادی خەبەریی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز کران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە کاتێکدا بڕیاربوو مامۆستایانی ئێران و کوردستان ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە خۆپیشاندانی گشتی لەشارەکان بەڕێوە ببەن، ئیدارەی ئیتلاعات ژمارەیەک مامۆستای کوردی لە شاری سەقز بانگهێشت کرد.

بڕیاربوو کاتژمێر ١٠ی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە، رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە، لە بەردەم ئیدارەی پەروەردەی شاری سەقزدا مانگرتنی مامۆستایانی ناڕازی بەڕێوە بچێت.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزەکانی سەربە وەزارەتی ئیتلاعات شەوی چوارشەممە لە رێگەی تەلەفۆنەوە ژمارەیەک مامۆستای شاری سەقزیان بانگهێشت کردووەو هەڕەشەیان لێکردوون.

ستادی خەبەریی شاری سەقز ٨ کەس لە مامۆستایانی شاری سەقز بەناوەکانی (حەسەن رەحیمیان، خالید عەبدوڵڵاهی، سلێمان عەبدی، تاهیر قادری، حامید شێخی، عەزیز مەرزی، ئیبراهیم حوسینی و سمایل رێحانی)ی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کردبوو.

لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، مامۆستایانی کورد هاوڕێ لەگەڵ مامۆستایانی سەرتاسەری ئێران و بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری ئابووری و ژیانی خۆیان، چەندین جار مانیان گرت و خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنکاریی حکوومەت لەهەمبەر مامۆستایاندا بوون.

دوو رۆژ پێش ئێستا ١٢ کەس لە زیندانیانی سیاسیی زیندانی رەجایی شاری کەرەج، لە بەیاننامەیەکدا خوازیاری پیشتیوانیی سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە مامۆستایان بوون و رایانگەیاندبوو: لەم دۆخەی ئێستادا، کە بزاوتی کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتی وەکوو تاقە رێگەی رزگاربوون لەدەست زوڵم و سەرکوتی حکوومەتی ئیسلامی بەرەو پێشەوە دەچێت، نابێ ئیزن بدرێ کە ئەم رژیمە فێلبازە، بیر و زەینی ئێمە بەلاڕیدا ببات\".