لە بەخشی کەڵاتەرزانی شاری سنە بە ئاشکرا ماددەی هۆشبەر دەفرۆشرێت

17:15 - 31 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا شەپۆلێکی نوێی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان رووی لە گوندەکانی کوردستان کردووە و تەنانەت تەمەنی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر بۆ هەتا ١٣ ساڵ دابەزیوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی کوردپا و بە وتەی دانیشتوانی ناوچەی سنە، بەکارهێنانی جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر لە گوندەکانی بەخشی کەڵاتەرزانی سەربەو شارە رووی لە زیادبوون کردووە و فرۆشیاران بەشیوەی ئاشکرا سەرقاڵی فرۆشتنی ئەو ماددەیەن و رێژەیەکی بەرچاو لە لاوانی ئەو ناوچەیە گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان بوون.

سەرچاوەیەک لە شاری شوێشەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، لە زستانی ئەمساڵدا بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕینی هاووڵاتییان سەبارەت بە فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر لەو شارە، کەسێک لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە کاتێکدا هاووڵاتییان چاوەڕوانی سزادرانی ئەو کەسە بوون، بەبێ لێپرسینەوە ئازاد کرا.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد، مەئموورانی هێزی ئینتزامی لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەو کەسەدا، دەستیان بەسەر رێژەیەکی بەرچاو ماددەی هۆشبەردا گرت، بەڵام ئەو کەسە بەبێ لێپرسینەوە و لە زیندان ئازاد کرا و هەنووکەش سەرقاڵی فرۆشتنی ماددەی هۆشبەرە.

ناوی چەندین کەس لە فرۆشیارانی ماددەی هۆشبەر لە گوندەکانی دادانەی کەمانگەر، خرۆسە، کەرگینە و هەروەها لە شاری شوێشە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، بەڵام لەبەر پاراستنی بەها و كەرامەتی مرۆیی و پابەندبوون بە ئەخلاقی رۆژنامەوانی، ناوی ئەو فرۆشیارانە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپاوە پارێزراوە.

لەلایەکی دیکەوە فرۆشتنی مادە هۆشبەرەکان لە گوندەکان لە ناوچەی ژاوەرۆی سنەش لە ئارادایە کە بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو شۆرای گوندی \"گەلێن\" لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە بە هاوکاریی چەند کەسێکی دیکەی سەربە حکوومەت بە شێوەی بەربڵاو مادەی هۆشبەر بڵاو دەکەنەوە و کۆمەڵێک لاوی ئەو گوندەیان گیرۆدەی ماددە هۆشبەرەکان کردووە.

گوندی گەلێن لە ٥٠ کیلۆمیتری شاری سنە هەوڵکەوتووە و بەپێی دوایین سەرژمێری فەرمیی ئیدارەی تۆمار کردنی باری کەسیەتی ئوستانی کوردستان، ١٥١٨ کەس حەشیمەتی هەیە و هەتا ئێستا ٦٨ کەس لە دانیشتوانی ئەو گوندە تووشی مادە هۆشبەرەکان بوون کەلە کۆی ئەو رێژەیە ٥ کەسیشیان ژنان پێکی دێنن.