لە بۆسەیەکدا لە کامیاران، کۆنە ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا

15:34 - 26 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە بۆسەیەکدا لە ناوچەی کامیاران، کۆنە ئەندامێکی سوپای پاسدارانیان بە دەستڕێژی گوللـە کوشت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نیوەشەوی رابردوو جەعفەر شەیدایی خەڵکی شاری کامیاران لە جادەی کامیاران بۆ گوندی پاڵنگان، بەدەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامیارانەوە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو هاووڵاتییە تەمەن ٥٦ ساڵەیە لە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە.

هاووڵاتییانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن کە ئەو کەسە کوژراوە ئەندامی پێشووی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بووەو پێشینەی کاری \"چەتەیی و رێگری\"یشی هەبووە.

\"26012.jpg\"
جەعفەر شەیدایی خەڵکی شاری کامیاران لە بۆسەی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا دراوەتە بەر دەستڕێژی گوللـە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەست داوە
بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی رابردوودا (ساڵی ٩٣)دا، ٣٨ هاووڵاتیی کورد لە ئەنجامی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا کوژراون.

بەپێی یاسای بەکارهێنانی چەک لە حکوومەتی ئیسلامیدا، کەسی گومانلێکراو، دەبێ لە پێشدا بە دەنگ ئاگادار بکرێتەوەو پاشان تەقەی هەوایی بکرێ و لە کۆتاییدا لە پشتێنە بەرەوخواری تەقەی لێ بکرێ، بەڵام هیچکام لەم یاساییانە لەلایەن چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە لەبەرچاو ناگیرێ.

محەمەد ساڵح نیکبەخت ، پارێزەری کورد باوەڕی وایە، ئەگەر ئەو رەوتە یاساییە لە بەکارهێنانی چەکدا لەلایەن چەکدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئیرانەوە لەبەر چاو نەگیردرێ، حاڵەتی کوشتنەکە دەبێتە ئەنقەست (عەمد) و دەبێ بکوژەکە بەپێی یاسا قەساس بکرێت و حوکمەکەشی سێدارە دەبێت.