لەئیلام بە کۆکردنەوەی واژۆ پشتیوانی لەلێڕەوارەکانی زاگرۆس کرا + وێنە

14:32 - 23 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: نامەی پشتیوانی کردن لەلێڕەوارەکانی زاگرۆس لەلایەن هاووڵاتییانی کوردەوە لە ئوستانی ئیلام واژۆ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لایەنگران و دۆستانی ژینگە لە کوردستان رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بەفرانبار لەشاری ئیلام بە واژۆ کردنی نامەیەک بەرگری و پشتیوانیان لەلێڕەوارەکانی زاگرۆس کرد.

واژۆی لایەنگرانی ژینگەپارێزی هاوکات بوو لەگەڵ پیشاندانی فیلمی دیکیۆمێنتاری \" لەتەنیشت داربەڕوو\".

فیلمی دێکیۆمێنتاریی \"لەتەنیشت دار بەڕوو\" باس لە ژینگەی ئاژەڵانی سمۆرە لەزەنجیرە چیاکانی زاگرۆس دەکات و لەلایەن لێژنەی داوەرانی حەوتەمین فێستیڤاڵی سینەما هەقیقەتەوە بە براوەی ٢ خەڵات دەستنیشان کرابوو.

ئەو کەسانەی نووسراوەیەکیان واژۆ کردووە خوازیاری ئەوە بوون، کە دەبێ‌دەوڵەت بایەخ بە پاراستنی ژینگەی زاگرۆس بەتایبەت لێڕەوارەکانی زاگرۆس بدات.

ئەو نامەیە بە هاوکاری و پشتیوانی رێکخراوی لایەنگرانی ژینگەپارێزی ئیلام نووسراوە و ئەو ناوەندە چالاکییەکانی لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵەوە دەست پێکردووە.

لەئوستانی ئیلامدا زیاتر لە ٦٤٠ هەزار هێکتار لێڕەوار و دارستان هەیە و ئاگرکەوتنەوە، وشکەساڵی و تۆز و خۆڵ و راوی لە رادەبەدەر...، هەڕەشە لە سروشتی ناوچەکە دەکات.

پێشتریش کارناسێکی سەرچاوە سروشتییەکان، رێکخراوی لێڕەوارەکانی بە خەتاباری سەرەکیی لەناوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس لەقەڵەم دابوو، و گوتبووی ئەو ناوەندە لەچەند ساڵی رابردوودا نەیتوانیوە پێش بە لەناوچوونی لێڕەوارەکان بگرێت.

بەپشت بەستن بە وتەکانی لێپرسراوی سەرچاوە سروشتیەیکانی ئوستانی ئیلام، نزیک بە ٨٠%‌ی دارستانەکانی بەڕوو تووشی خەسار و وشکبوون هاتوون.

وێنە: ئیلام پاک
\"17805.jpg\"

\"17807.jpg\"

\"17806.jpg\"

\"17809.jpg\"

\"17811.jpg\"

\"17810.jpg\"