لەگەڵ ئیجلال قەوامی هەڵسوکەوتی قەزایی دەکرێت

15:55 - 20 رەشەمه 2717
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە هەواڵنێرانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان لە کوردستان داوای هەڵسوکەوتی قەزایی لەگەڵ ڕۆژنامەوانێکی کوردیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە هەواڵنێرانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی کۆماری ئیسلامی لە نامەیەکدا بۆ دۆزگەری گشتی و ئینقلابی شاری سنە، داوایان لە ناوبراو کردووە تا لەگەڵ ئیجلال قەوامی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافی مرۆڤ هەڵسوکەوتی قەزایی بکرێت.

ئەم نامەیە کە لەلایەن ١٠ کەس لە هەواڵنێرانی ماڵپەڕ و حەوتوونامەکانی سەر بە ناوەندە ئیتڵاعاتییەکانەوە واژۆکراوە، ئەم ڕۆژنامە نووسە کوردەیان بە \"نوسینی بابەت و وتووێژ کردن لەگەڵ میدیاکانی دژە شۆڕش\" تۆمەتبار کردووە.

دەوترێت، لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا، گوشار و بەربەستی زیاتر بۆ ئیجلال قەوامی دروست کراوە، تا ئەو شوێنەی کە ڕێگری لە بەشداری ناوبراو لە کۆبوونەوە ڕۆژنامەوانییەکاندا کراوە.

ئیجلال قەوامی، چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانی خۆی لە ساڵی ١٣٧٩ی هەتاوییەوە لە ڕۆژنامەی ئێران دەست پێکردووە، لە ئێستادا وەکوو ڕۆژنامەوانێکی ناسراو لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا بە ئەژمار دێت.