لەگەڵ ئازادیی چالاکێکی مەدەنیی کورد دژایەتی کرا

15:17 - 9 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری سنە، لەگەڵ ئازادکردنی کاتیی چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری قوروە دژایەتی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پاش سێ حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی ئەرسەلان هیدایەتی، چالاکی مەدەنیی کوردی خەڵکی شاری قوروە، لە شاری سنە، دادسەرای گشتی و دادگای ئینقلابی سنە، لەگەڵ ئازادکردنی کاتیی ئەو چالاکە مەدەنییە بە دانانی بارمتەی دژایەتی کرد.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە \"دەسپێڕاگەیشتنی بە پارێزەر\" بێبەری بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هەتا ئێستا دادگاییی دیاریکردنی تۆمەتی ئەو چالاکە مەدەنییە کوردە بەڕێوە نەچووە و لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی ناوبراو هیچ جۆرە زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی هەینی ١٥ی پووشپەڕ، ئەرسەلان هیدایەتی، چالاکی مەدەنیی کورد، بە هۆکاری نادیار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا لە گرتووخانەدایە.