لەکوردستان هەڵەی پزیشکی دوو قوربانی لێکەوتەوە

16:34 - 10 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە لەیەکێک لە ناوەندە پزیشکییەکانی شاری بانە گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەحمەد فەرامەرزی تەمەن ٦٠ ساڵ و خەڵكی ناوچەی بانە بەهۆی لێدانی دەرزی گیانی لەدەست داوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە بەهۆی ئازاری زگییەوە بردراوەتە یەكێك لە بنكە تەندروستییەكان و پزیشكی ئەو بەشەش دەرزییەكی ئازاری لێداوە و دڵی لە لێدان کەتووە.

ماوەیەک لەمەوبەریش ژنێکی دووگیانی خەڵکی شاری سەردەشت بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە لە ژووری نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی سەردەشت گیانی لەدەست دا.

کۆرپەلە نۆ مانگەکەی ئەو ژنەش بە هۆی ئەو هەڵەیەوە کۆتایی بە ژیانی هاتبوو.

لەلایەکی دیکەوە سەرەتای ئەم حەفتەیەش هاووڵاتییەکی دیکەی کورد لەنەخۆشخانەی ئیلام بە هۆی نەشتەرگەرییەوە گیانی لەدەست دابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا ١٠ هاووڵاتی کورد بە هۆی هەڵەی پزیشکییەوە گیانیان لەدەست داوە.