لەپیرانشار کۆڕێکی هەڵسەنگاندن بۆ فیملی \"ره‌ش و سپی\" ساز کرا

15:36 - 1 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: ‌کۆرێکی هەڵسەنگاندن و رەخنەیی لەپیرانشار بۆ بەرهەمی سینەمایی، سینەماکاری کورد جەلال ساعیدپەنا به‌ڕێوه‌چوو.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، یەکێک لەبەرهەمەکانی جەلال ساعید پەنا بەناوی \"رەش و سپی\" لەلایەن سینەماکار و شارەزایانی بواری هونەر تاوتوێ کرا.

لەو کۆڕەدا لێژنەی هەڵسەنگاندن سەرجەم لایەنەکانی ئەو بەرهەمەیان تاوتوێ کردووە.

\"28239.jpg\"
که‌ماڵ حه‌سۆ نووسه‌ر و ره‌خنه‌گری ئه‌ده‌بیاتی کوردی لەپیرانشار، ئه‌میر غوڵامی لێکۆڵه‌ر و ماسته‌ری سینه‌ما له‌بۆکان و نه‌جات مه‌ولوودی ده‌رهێنه‌ر و سینەماکار له‌شاری شنۆ پێکهێنەری لێژنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی کو‌رته‌فیلمی رەش و سپی بوون.

ئەو ‌کۆڕه دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ لەلایەن \"دامه‌زراوه‌ی ئیلاهه‌ی هونه‌ر\" لەپیرانشار بەڕێوەچوو.

کورتە فیلمی چیرۆکی رەش و سپی لەدەرهێنانی جەلال ساعید پەنا، لە فێستیڤاڵی \"فرێسکۆ\"ی ئەرمەنستاندا توانیبووی خەڵاتی باشترین فیلم و تەندیسی فێستیڤاڵەکەی لەژێر ناوی \"ئۆقرە و خۆڕاگری\"ی بەدەست بێنێت.
 
ئەو فیلمە ساڵێک لەمەوبەریش لەیەکەمین بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا لە بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمەکانی دووەمین خولی فێستیڤاڵی دهۆکدا لە شاری دهۆک، خەڵاتی باشترین کورتە فیلمی ئەو فستیڤاڵەی بەدەست هێنابوو.