لەپیرانشار هێزە ئینتزامییەكان هاووڵاتییەكیان دەستبەسەر كرد

12:27 - 21 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی یەكێک لەئاواییەكانی پیرانشار لەلایەن هێزە ئینتزامییەكانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزرا.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێكەوتی ١٩ی رەشەمە هێزە ئینتزامییەكان چونەتە ئاوایی \" نمجێ‌\"‌و كەسێكیان بەناوی عوسمان كەسرەوەی كوڕی مەولوود قۆڵبەست و لەگەڵ خۆیاندا بردوویانە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە هەواڵنێری ئاژانسی كوردپای راگەیاندووە، هێزە ئینتزامیەكان لەكاتی دەستبەسەركردنی عوسماندا سەرجەم كەلوپەلەكانی ناو ماڵەكەشیان پشكنیوە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، بۆ ئاژانسی کوردپا روون نەبۆتەوە.

بەپشت بەستن بە ئاماری تۆماركراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لەدەسپێكی وەرزی زستانی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٣ هاووڵاتیی كورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی ـ نیزامییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.