لەپیرانشار مامۆستایەکی کورد هەڕەشەی دەرکردنی لێکراوە

15:20 - 14 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی کوردی قوتابخانەکانی شاری پیرانشار بە هۆی ئەنجامدانی چالاکی فەرهەنگی لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئەو شارە هەڕەشەی دەرکردن لەسەر کارەکەی لێکراوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا لەشاری پیرانشار، عابد پەرویزی مامۆستای زمانی ئینگلیزی کە هاوکات پۆستی جێگری \" ئامووزشی متەوەستە\"ی لە ئیدارەی پەروەردەی پیرانشار هەیە، لەلایەن ئەو ئیدارەیەوە فشاری خراوەتە سەر.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای وتووە، عابد پەرویزی ماوەی چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن \" مووسا رەسووڵی\" بەڕێوەبەریی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پیرانشار پۆستی جێگرییەکەی لێ ئەستێندراوەتە و هەڕەشەی دەرکردنیشی لێ کراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە لەلایەن ئیدارەی پەروەردەوە بە پەرویزی وتراوە نابێ بە هیچ شێوەیەک چالاکی فەرهەنگی ئەنجام بدات.

عابد پەرویزی خاوەنی بڕوانامەی کارناسی باڵای مودیریەتە و لە دامەزرێنەرانی دوو رێکخراوی ناحکوومی شاری پیرانشار بووە. ئەو هاووڵاتییە فەرهەنگییە لە وەرێخستنی کۆڕ و کۆبوونەوە فەرهەنگی ـ ئەدەبییەکاندا چالاک بووە.

پەرویزی لەدامەزرێنەرانی بنکەی فێرکردنی زمانی ئینگلیزیش لەپیرانشار بووە.
ئەو هەڕەشە و لێ ئەستاندنەوەی پۆستە لە حاڵێکدایە کە ماوەیەکە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا فشاری خستووەتە سەر چالاکانی فەرهەنگی و لەرێگەی جۆراوجۆرەوە دەیهەوێ پێش بە چالاکییەکانیان بگرێت.

چەند رۆژ لەمەوبەر ئاژانسی کوردپا لەراپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا لەشاری ورمێ و چەندین شاری دیکە زیاتر لە ٥٠ چالاکیی فەرهەنگی کوردییان بانگ کردووە.

یەکێک لەو چالاکە فەرهەنگیانەی کە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنیەتییەکان کراوە بە هەواڵنێری کوردپای وتبوو، لەو ئێدارەیەدا داوامان لێکراوە کە چالاکییەکانمان قەتیس بکەینەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی کوردپا ئاشکرای کردووە، لەماوەی یەک مانگی رابردوودا زیاتر لە ٥٠ کەس بانگهێشتی ناوندە ئەمنیەتییەکانی ورمێ کراون کە لەناو ئەو کەسانە فەرمانبەریش وەبەر چاو دەکەوت.

هەواڵی پێوەندیدار:
چالاکانی فەرهەنگی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە فشارییان خراوەتە سەر