لەندەن/ خەڵاتی کورتە فیلمی کوردی بە دەرهێنەری کرماشانی پێشکەش کرا

20:45 - 18 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: داوەرانی فێستیڤاڵی کورتە فیلمی کوردی ئەمساڵی لەندەن، خەڵاتی تایبەتیان پێشکەش بە دەر‌هێنەری لاوی کرماشان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کورتە فیلمێکی کوردی لە ژێر ناونیشانی \"واینک انسان \"(ئێستاش مرۆڤ)، لە دەرهێنەری کورد ئیرج محەممەدیی‏زەڕینی لە نۆیەمین دەورەی فێستیڤاڵی لەندەن، خەڵاتی تایبەتی داوەرانی بەدەست هێنا.

ئەم ئەنیمێیشنە ٥ خولەکییە هاوکات خەڵاتی پێنجەمین کێبڕکێی کورتە فیڵمی یاد کردنەوەی \"یەڵمازگۆنای\"یشی بەدەست هێناوە.

بەرهەمی هونەریی ئیرج محەممەدیی‏زەڕینی بە نوێنەرایەتیی سینەمای ئێران لەو فێستیڤاڵەدا پیشان درا.

\"29137.jpg\"
ئیرج محەممەدیی‏زەڕینی، دەرهێنەری کورد
نۆیەمین دەورەی کورتە فیلمی کوردیی لەندەن و پێنجەمین دەورەی کێبڕکێی کورتە فیلمی یادکردنەوەی \"یەڵمازگۆنای\" بە پیشاندانی ٩ فیلمی سینەمایی، ١١ فیلمی دێکۆمێنتاری و ١١ کورتە فیلمی داستانی، ئەنیمێیشن و ئەزموون لە بەشی کێبڕکێی سەرەکی و هەروەها لە دەرەوەی بەشی کێبڕکێی دەرهێنەرانی سینەمای ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهان، لە سینەمای \"هکنی پێکچرزهاوس\" لە شاری لەندەنی پێتەختی وڵاتی بریتانیا بەڕێوەچوو.

ئەنیمێیشنی \" ئێستاش مرۆڤ \" توانیبووی خەڵاتی باشترین گیان بەخشینی ئەنیمەیشنیی تاران و باشترین فیلم لە بەشی هونەرە جوانەکانی بێرلین بەدەست بێنێت.

دەرهێنەرانی کورتە فیلمی \" ئێستاش مرۆڤ\"، بریتی بوون لە دەرهێنەر و ئیماتۆر: ئیرەج محەممەدی‏زەڕینی، یاریدەدەری دەرهێنەر: بەهاربەختیاری، موجتەبا ئیسماعیل‏زادە، دەنگ: ئەمین میرشکاری و بەرهەم‏هێنەر: فەریدە جلیلوەند.

ئەو دەرهێنەرە کرماشانییە ساڵی ٢٠١٣ بە بەشداریی کورتە فیلمی \"قی قو\" لە هەشتەمین دەورەی فێستیڤاڵی فیلمی کوردیی لەندەن و چوارەمین دەورەی کێبڕکێی کورتە فیلمی یادکردنەوەی \"یەڵماز گۆنای\" ی لەندەن خەڵاتی تایبەتی داوەرانی بەدەست هێنابوو.

ئیرج محەممەدیی‏زەڕینی لەدایک بووی گەلاوێژی ١٣٥٣ی هەتاوییە و کاری فیلم‏هەڵگریی لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوییەوە دەست پێکردووە و هێندێک لە بەرهەمەکانی ئەو دەر‌هێنەرە کوردە بریتین لە: \"گۆرانییەک بۆ بێستوون\"، \"ڕەنگی نیاز\" تابڵۆی ژیان\"، هەروەها دەرهێنەریی فیلمی \"لافاو\"ی لە ئەستۆ بووە.