لەناو بردنی ئاسەواری مێژووییی گوندێكی ورمێ‌/ كەمتەرخەمیی لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەت

13:48 - 30 رەزبەر 2711
كوردپا: ئاسەواری لەمێژینە و مێژوویی گوندی گوگتەپەی سەر بە ورمێ‌ لەلایەن هێندێ‌ كەسی هەلپەرستەوە بە تاڵان براون و لایەنە پێوەندیدارەكانی حكوومەتیش دژكردەوەیەكیان نەبووە.
بەپپێی هەواڵی هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لە ورمێ‌، لە ساڵانی رابردوودا كۆمەلێك خەڵكی هەلپەرست لە ناوچەی ورمێ‌ دەستیان داوەتە دەرهێنان و بەتاڵان بردنی كەلوپەلە مێژوویی و پڕ بەهاكانی گوندی گوگتەپەی سەر بە شاری ورمێ‌ و هەتا ئێستا زۆرێك لەو ئاسەوارانە بە تاڵان براون و لایەنە پێوەندیدارەكانیش لەم بارەوە كەمتەرخەمن.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش كە بەپێی بڕیاری شۆرای ئیسلامیی گوگتەپە و بە پێشنیاری كەسانێكی هەلپەرست دەیانهەوێ‌ كلیسای مێژوویی ئەو گوندە كە یەكێك لە مێژینەترین كلیساكانی ئێرانە، بڕووخێنن و لەباتیی پاركینگێك بۆ مزگەوتی گوند ساز بكەن.
ئەمە لە حاڵێك دایە كە ئەو كلیسایە خاوەنی مێژوویەكی زۆرە و لەلای ئەرمەنییەكانی دانیشتووی شاری ورمێ‌، كلیسایەكی پیرۆزە.
بە وتەی شایەتحاڵان لە ساڵانی رابردوودا بە پشتیوانی و دنەی سپای پاسدارانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران بەشێكی زۆر لە گۆڕستانی مەسیحییەكانی گوگتەپە خاپوور كراوە و بەردی گڵكۆكانیان بۆ ساز كردنی خانوبەرە بەكار هێنراوە.
سەرەڕای ئیعترازی مەسیحییەكانی دانیشتووی ئەو گوندە ئۆرگانە پێوەندیارەكانی حكوومەتی ئێران هیچ وەڵامێكیان بە داخوازییەكانیان نەداوەتەوە.
گوندی گوگتەپە سەر بە بەخشی ناوەندی شاری \"ورمێ‌\"یە كە چەندین ئاسەواری مێژوویی و ئایینی تێدایە كە هێندێكیان مێژووەكەیان دەگەڕێتەوە بۆ پێش لە لەدایك بوونی مەسیح.