لەناوچەی مەریوان گازگرتوویی گیانی مامۆستایەكی ئایینیی ستاند

19:54 - 27 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: مامۆستایەکی ئایینیی کوردی خەڵکی ناوچەی مەریوان بەهۆی گازگرتووییەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٥ سەرماوەز \"محەممەد ئەمینی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و کوڕی ئەحمەد لە گوندی \"خاو\"ی سەربە شاری مەریوان لە ئەنجامی گازگرتووییدا گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت کە مامۆستا محەممەد ئەمینی بە مەبەستی مامۆستایەتی رووی لە گوندی خاو لە ناوچەی مەریوان کردبوو، گاز گرتوویی بۆتە هۆی مردنی ناوبراو و رۆژی دووشەممە لە زێدی خۆی بەخاک سپێردراوە.

لەلایەکی دیکەوە دەگوترێت کە لە شاری سنە بووک و خەسوویەک لە ماڵی خۆیاندا و لە ئەنجامی بڵاو بوونەوەی گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن گیانیان لەدەست دا.

بەپێی ئامارێک کە رێکخاوی پزیشکی دادوەریی ئێران بڵاوی کردۆتەوە، تەنیا لە ماوەی ٧ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١١ هاوولاتیی کورد لە ئوستانی کوردستان و بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست داوە کە ٣ کەسیان ژن و ٨ کەسیشیان پیاو بوون.

ساڵانە دەیان هاووڵاتیی ئێرانی بەهۆی ناستاندارد بوونی کەرسە گازییەکان و کەمتەرخەمیی ناوەندەکانی چاوەدێری بەسەر کارگەکانی بەرهەم هێنانی کەرەسە و ئامێرە گازییەکان، لەوڵاتی ئێران تووشی رووداوی گازگرتوویی دەبن و لە ئەنجامدا گیانیان لەدەست ئەدەن.