لەناوبردنی لێڕەوارەكانی سەردەشت لەلایەن هێزە نیزامییەكانەوە+وێنە

16:31 - 24 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەك لەناوەندە نیزامی ـ ئەمنیەتییەكانی شاری سەردەشت بە كەڵك وەرگرتنی خراب لەدەسەڵات و پێشێڵكردنی یاسا، سەرقاڵی لەناوبردنی دارستان و لێڕەوارەكانی كوردستانن.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لێڕەوارە سروشتییەكانی دەورووبەری سەردەشت لەژێر ناوی دروست كردنی، پرۆژەی بیناسازی بە كەسانی سەربە سوپای پاسداران و بەسیج دراوە و لە كۆتاییەكانی ساڵی رابردوووەە هەتا ئێستا نزیک بە ٦٠ هێكتار لەو لێڕەوارانە لەناو بردراون.

ئەو لەناو بردنانە، كە شەوانە بە دوور لە چاوی خەڵک ئەنجام دەدرێت، زەوییەکانی دەورووبەری شەهرەكی جانبازان، ستادیۆمی حەوتی تیر، رەزی جۆڵا و ئاوایی ماراغانی لەخۆ گرتووە.

لەو بارەیەوە هاووڵاتییەكی شاری سەردەشت بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاند، سیاسەت و بەڕێوەبەریی نادروستی دەوڵەت لە بیاڤی ساخت و ساز و پارێزگاری كردن لە سامانە سروشتی‌ نەتەوەیی‌یەکان وای كردووە كە دارستان و لێڕەوارە بەنرخەكانی سەردەشت بكەوێتە دەستی ناوەندە نیزامییەكان و كەسانی سەربە سوپای پاسداران.

بەوتەی ئەو هاووڵاتییە، ئیدارەی جەنگەڵبانی هیچ گەڵاڵەیەكی تایبەتی و زانستیی بۆ لێڕەوارەكان نییە و هەروەها ئیدارەی سەرچاوە سروشتیەیكانیش بەرەو ئاسمیلەبوون دەروات و بە كردەوە هیچ هەڵویستێكیان لەهەمبەر ناوەندە نیزامییەكاندا نییە.

هەر لەو پێوەندییەدا دانیشتوانی ناوچەی سەردەشت بە شێوەی نهێنی وێنەی كاولكارییەكانی ناوەندە نیزامییەكانیان تۆمار كردووە و ئەو كارە لەگەڵ دژكردەوەی توندی خاوەن پڕۆژەكان بەرەوڕوو بۆتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەم خاوەنی ئەو زەمینانە سەر بە سوپای پاسداران و بەسیجن و بەشێكیان بەهاوكاری ناوەندە دەوڵەتییەكان سەرقاڵی داگیركردنی زەمینە سروشتییەكانی شاری سەردەشتن.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان شارستانی سەردەشت خاوەنی نزیك بە ٨٠ هەزار هێكتار لێڕەوارەکان، لەماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوودا بە هۆی بڕینی دارەكان و دروستكردنی بینا، ئەو رێژەیە گەیشتۆتە ٥٠ هەزار هێكتار.
\"19284.jpg\"

\"19283.jpg\"

\"19286.jpg\"

\"19285.jpg\"

\"19287.jpg\"

\"19288.jpg\"