لەمەریوان مانۆڕی نیزامی ئاگرکەوتنی داربەڕووەکانی لێکەوتەوە

16:27 - 28 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: مانۆڕی نیزامی ئەرتەش لەمەریوان، ئاگرکەوتنەوەی لە داربەڕووەکانی زەنجیرە چیای زاگرۆسی لەکوردستان بەدوای خوێدا هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٦ی گەلاوێژ، لەئەنجامی بەرێوەچوونی مانۆڕی نیزامیی تیپی ٣٢٨ هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان دارستانەکانی \"کانی‌قوڵجان\" هەڵکەوتوو لە ١٥کیلومێتری باکووری رۆژئاوای ئەو شارە لە ئاگردا سووتان.

دەوترێ، بەهۆی ئەو ئاگرکەوتنەوەیە چەندین هێکتار لە داربەڕووەکانی ئەو ناوچەیە لەناو چوون.

لەماوەی چەندساڵی رابردوودا ئەو ناوچەیە بە بەردەوامیی تووشی ئاگرکەوتنەوە بووە.

لەدرێژەی تەشەنەسەندنی ئاگرکەوتنەوەکان و خەمڵاندنی رێژە و خەساری بەرکەوتوو لە دارستانەکانی زاگرۆس، ئەندامانی ژینگەپارێزی شارەکانی، مەریوان، پاوە، سنە، ئیلام، سلاسی‌باوەجانی و جوانڕۆ و بەشێک لەچالاکانی ژینگە بۆ ئاڵوگۆڕی بیر و ڕاگۆڕێنەوە و چۆنیەتی پێشگیری لەو ئاگرکەوتنەوانە لەشاری مەریوان کۆبوونەوەیەکیان بەڕێوە بردووە.

ئەنجومەن و ناوەندەکانی ژینگەپارێزی پاش ئەو کۆبوونەوەیە سەبارەت بە قەیرانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی زاگرۆس بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە.