لەمزگەوتێکدا لە سەقز، نزیک بە ٣٠٠ کەس لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران

16:50 - 22 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقز، لە رۆژانی پێنج‌شەممە و هەینیی حەفتەی رابردوودا دەیان هاووڵاتییان لە مزگەوت و ماڵەکانی گەرەکی حاجیاوای ئەو شارەدا دەستبەسەر کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵنێری کوردپا، دوابەدوای تەواوبوونی نوێژی ئێوارەی رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوە، هێزەکانی سەربە ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە شاری سەقز، ٢٦٧ کەسیان لە مزگەوتی حاجیاوای ئەو شارەدا دەستبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز رایگەیاند: رۆژی هەینیش ١٢ کەسی دیکەیان لە گەرەکی حاجیاوادا دەستبەسەر کردووەو دەیان کەسی دیکەش لە ترسی دەستبەسەر کران، نێوشاریان بەجێهێشتووە.

بە گوتەی هاووڵاتییانی شارەکە، ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ژێر ناوی \"دەستبەسەرکردنی سەلەفییەکان\"دا هێرشیان کردۆتەوە سەر ئەو مزگەوتە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستبەسەرکراوان پەیوەندییان بە رەوتە سەلەفییەکانەوە نەبووە.

حیسام سەعادەت، عەبدولرەحمان سەلیم و حاجی رەحمان سەرایی، شوناسی سێ کەس لە دەستبەسەرکراوەکانی مزگەوتی حاجیاوای شاری سەقز راگەیەندراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: بڕیاری دەستبەسەرکردنی سەلەفییەکان لە شاری سنەوە دەرچووەو هەنووکە هەر چەشنە کۆبوونەوەیەکی چەند کەسی لە نیو شار و بەتایبەت گەڕەکی حاجیاوای شاری سەقز، لەلایەن ‌هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوەی پێدەکرێ.

ساڵی ١٣٨٨ی هەتاویش، دوابەدوای سەفەری عەلی خامنەیی، رێبەری حکوومەتی ئیسلامی بۆ شاری سنە، شەپۆلی دەستبەسەر کردنی لەژێر ناوی \"دەستبەسەرکردنی سەلەفییەکان\"دا دەستی پێکرد و زیاتر لە ١٥٠ کەسی سەلەفی دەستبەسەر کران و هەنووکە بەشێکیان لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج لە دەستبەسەریدان.
لەماوەی چەند مانگی رابردوودا، ژمارەیەکی بەرچاو لە لاوانی شاری سەقز، روویان لە نێو داعش لە وڵاتی ئێراقدا کردووەو هەتا ئیستا ژمارەیەکیشیان لە شەڕ لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و سوپای ئێراقدا کوژراون.

پێشتریش ناوەندی هەواڵنێریی سەقز لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە، کە ١٤١ لاوی سەقزی، کە بەشێکیان خەڵکی گەڕەکی حاجیاوای ئەو شارە بوون، لەژێر ناوی جیهاد کردنیدا روویان لە وڵاتانی ئەفغانستان، پاکستان، ئێراق و سووریا کردووە.

بە گوتەی خەڵکی ناوچەی سەقز، مەلا حوسێنی ساڵحاوا، مەلا هادی هەرمێ دۆڵ و مەلا محەمەدی عەلەوی ناسراو بە مەلا محەمەدی یەکشەوە، رۆڵی کاریگەریان لە هاندانی لاوانی کورد بۆ نێو گروپە جیهادی و سەلەفییە توندڕەوەکاندا بووە.

پەرەگرتنی رەوتی سەلەفییەتی جیهادی و دەستبەسەرکردنیان لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە کاتێکدایە کە بە گوتەی موختار هۆشمەند، چالاکی سیاسیی کورد، حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی کەمڕەنگ کردنەوەی بزاوتی نەتەوەیی لە کوردستان هیچ بەربەستێکی بۆ رەوتی سەلەفی دروست نەدەکرد و لەگەڵ ئەوەشدا راستەوخۆ پشتیوانیی لێ دەکردن\".